مامۆستایەکی ئایینی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مامۆستا محەمەد خزرنەژاد کەسایەتیی ئایینی خەڵکی شاری بۆکان کە لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی «فساد فی الارض» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی رابردوودا مامۆستا محەمەد خزرنەژاد مامۆستایی ئایینی تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتی فساد فی الارض سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات، سزای ١٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژی نیزام سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دانیشتنی دادگای مامۆستا محەمەد خزرنەژاد لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بووە و ئەم چالاکە ئایینیە کە زیاتر لە یەک ساڵە لە بەندیخانە دەستبەسەرە مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ئەم سزایە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات بەسەریدا سەپێندراوە و دادوەرەکە ئامادە نەبووە مافی بەرگری بە مامۆستا محەممەد بدات.
مامۆستا محەمەد خزرنەژاد ڕۆژی شەممە ١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە رەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کورەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا، ناوبراو بۆ ماوەی ١٠٠ رۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، کورەکەی لە دوای چەند ئازادکرا.
دەستگیرکردنی مامۆستا محەمەد خزرنەژاد لە دوای رێوڕەسمی یادی ئەسعەد رەحیمی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بووە کە ناوبراو لەم رێوڕەسمە لە مزگەوتی ئیفتخاری بۆکان وتاری پێشکەش کردبوو و رەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتبوو.
