ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای چەندجارێک لە دواخستنی بڕیارە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەند سکاڵایەکی دیکەش تاوتوێ دەکرێت.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی بێت، ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چوار سکاڵای جیاواز کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بەو سکاڵایەی کە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە تیایدا داواکراوە مادەکانی (١، ٩، ١٥، ٢٢، ٣٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نا دەستووری دابنرێت کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.
لە رۆژی ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی لەبارەی ئەو سکاڵایە ئەنجامدا، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ١١ی ئەم مانگە دواخرا بەھۆی ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای لە کۆمیسیۆن کرد زانیاری لەسەر ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ بنێرێت.
ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (١١١) ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.
مادەی ١٥: بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.
مادەی ٢٢:
١- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا ٣٠ کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.
٢- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (١٥) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە مادەی ٢١دا داواکراون.
مادەی ٣٦:
١- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
٢- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
٣- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیدهكانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
