هۆشداری دەدرێت لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "هۆشداری جدی دەدەین لەهاتنی شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بارانبارینی سەرتاسەری بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان سەرەتای گەیشتنی شەپۆل چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دەبێت بۆ رۆژانی دواتر کاریگەری زیاد دەکات و کۆتایی هەفتە لوتکەی قوڵبوونەوە و بەهێزیەکەی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "کاریگەری ئەم سیستەمە تەڕ و داباراناوییە جگە لەم شەپۆلە شەپۆلی تریشی بەدوادا دێت و بۆ ماوەیەکی باش لەسەر ناوچەکان دەمێنێتەوە".

روونیشیکردەوە "خێرایی با زیاد دەکات و لە مەودای شەپۆلەکەدا هەورە بروسکەی زۆر توند روودەدات و تەرزە دەبارێت و لەگەڵ بارینی بەفر لە لوتکەی چیا بەرزەکان و ناوچە سنوریەکان".

ئەو شارەزای کەشناسە وتیشی "بۆ یەکەمجارە لە ئەمساڵدا هەردوو شەپۆلی دەریای سور و دەریای ناوەڕاست بەشێوەی بەرفراوان و بەهێز پێکەوە دێن و یەکدەگرن و قوڵدەبنەوە لەسەر تەواوی ناوچەکان پێشبینی رێژەیەکی زۆر لەبارانی لێدەکرێت بەڕێژەی 50 ملم تا 300 ملم هەرچی کانیاو چەم هەیە تائێستا نەبوژاوەتەوە دەبوژێنەوە مەترسی وشکە ساڵی لەسەر باشوور و ناوەڕاستی گەرمیانیش کۆتایی پێ دێنێت و دەڕوێنێتەوە".

شاڵاو هیدایەت هۆشداریدا و وتی "ئەگەری دروستبوونی لافاو لەسەر تەواوی ناوچە نزمایەکانی گەرمیان و هەرێم هەیە"، وتیشی "چاودێری دەکەین ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە بۆ پێنجشەممە بەتایبەتی داوادەکەین پشووی فەرمی رابگەینرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار