بانکە ئەهلییەکان مانگانە چەندین ملیۆن دینار لەمووچەی فەرمانبەران دەچننەوە
فەرمانبەران بەنیگەرانییەوە دەڕواننە «هەژماری من» لەکاتێکدا چارەنووسی مووچە نادیارە
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چەند بانکێکی ئەهلی مانگانە چەندین ملیۆن دینار لەڕێگەی «هەژماری من» وەکو عمولە لەمووچەی فەرمانبەران دەچننەوە، ئەوەش نیگەرانی فەرمانەبەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت دەڵێن بڕەکە کەمەو جێگەی نیگەرانی نییە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت بۆ هەر فەرمانبەرێک مانگانە دوو هەزارو ٥٠٠ دینار لەمووچەکەی وەکو خزمەتگوزاریی عمولە وەردەگیرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی لەوەزارەتی پیشمەرگە ئەو پارەیەی کە لەمووچەی پیشمەرگەیەک وەرگیراوە دەکاتە ٠.٥%.
چاودێرانی دارایی پێیانوایە ئامانج لە «هەژماری من» رزگارکردنی حکومەتە لەقەیرانی نەبوونی نەختینەی دارایی، بەڵام بانکە ئەهلییەکان بەقازانج لێی دێنە دەرەوەو هەروەها بەزیانی بانکە حکومییەکان دەشکێتەوە.
رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەكرێتەوە. تائێستا ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکەیان بۆ کراوە.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من»و دەشڵێت هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە مووچەیان پێدەدرێت.
دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە ١%ی مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بەشێوەی عمولە بۆ ئەو بانکە ئەهلییانەی هەژمارەکەی تێدا دروستدەکرێت )بانکی ئاڕ تی RT، بانکی بی بی ئەی سی BBAC، بانکی ئێن بی ئای NBI) ین.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسفكردو وتی، «هیچ بڕە پارەیەک لەفەرمانبەران وەرناگیرێت و دەنگۆی بڕینی ١%ی مووچەی فەرمانبەران لەهەژمارەکەوە مانگانە دوورە لەڕاستییەوە».
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونکردەوە کە «مانگانە تەنها بری دوو هەزارو ٥٠٠ دینار بەشێوەی عمولە بانکەکان لەمووچەخۆرانی وەردەگرن و لەبەرامبەر ئەمەشدا چەندین خزمەتگوزاری دیکەیان پێشکەش دەکرێت هاوکات هیچ بڕە پارەیەکیش لەفەرمانبەران لەبەرامبەر وەرگرتنی کارتەکە وەرناگیرێت».
بەڵام کارمەندێکی وەزارەتی پیشمەرگە بەهاوڵاتی رایگەیاند «بەشێک لەفەرمانبەران مووچەی مانگی یەکیان لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە وەرگرتووە، تەنها لە ٠.٥%یان لێبڕاوە نەک لە ١%، بەڵام ئەگەر ببێتە لە ١% ئەوا بۆ ئێمەی فەرمانبەران زۆرەو بڕیارەکە لەبەرژەوەندیی ئێمە نابێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار نەدات کەئەو رێژەیە زیادبکرێت».
لەتشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی (هەژماری من) دەستپێكرد، مانگی شوباتی ساڵی رابردوو (٢٠٢٣) پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان ٨٤١ فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد.
لەئێستادا نزیکەی ٦٠هەزار کارت تەواو بووەو نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر لەم مانگەوە بەهەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن.
شارەزایەکی بواری دارایی و بانکیش دەڵێت، «بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، بڕێکی پارەی خانەنشینی فەرمانبەران دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان».
گوڵاڵە سدیق، شارەزا لەبواری دارایی و بانک لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەربمانەوێت سەیری پێشکەوتنی ئابووری وڵاتێک بکەین دەبێت سەیری سیستمی بانکییەکەی بکەین، بەڵام ئێمە سیستمی بانکییەکەمان بەقاسەیەکی بەتاڵی حکومەتی هەرێمەوە زیاتر دەچێتە قاڵبی بازرگانی و پارە پەیداکردن بۆ بانکە ئەهلییەکان».
وتیشی «ئێمە لەکوردستاندا نزیکەی ٩٠ بانکی حکومیمان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە بۆ ئەم پرۆژەی هەژماری منە، چەند بانکێکی تایبەت دەستنیشانکراون، واتە ئەو پارەیەی کە بۆ عمولە وەردەگیرێت لەکاتی کردنەوەی هەژمار یان راکێشانی پارە دەبێتە داهات بۆ ئەو بانکە تایبەتانە، ئەمەش لەڕۆڵی بانکە حکومییەکان کەمدەکاتەوە».
کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، گوڵاڵە سدیق ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر هەموو فەرمانبەرێک لەکاتی راکێشانی مووچەکەی لە ١%ی عمولەی لێوەربگیرێت واتە لەهەر ١٠٠ هەزار دینارێک یەك هەزار دینار دەبێتە عمولە بۆ ئەو بانکە.
وتیشی «ئەم ٩١٤ ملیار دینارە عمولەی مانگانەی دەبێتە نۆ ملیارو ١٤٠ ملیۆن دینار، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بۆ بانکە حکومییەکان بووایە ئەوا داهاتێکی باش دەبوو».
ئەو شارەزایە باسی لەکێشەیەکی دیکەی سیستمی هەژماری من کردو وتی «بڕیارە نزیکەی ئامێری پارە راکێشان (ئەی، تی، ئێم) دابنرێت بۆ هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سلێمانی و دەوروبەری ٥٠٠ دانەی بەردەکەوێت و هەولێرو دهۆک و دەوروبەریشی ٥٠٠ دانەکەی دیکەیان بەردەکەوێت، بۆ نموونە لەسلێمانی نزیکەی ٧٠ هەزار مامۆستا هەیە، لەڕۆژی دابەشکردنی مووچە ئەم ٧٠ هەزارە پارە رادەکێشن ئەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستدەبێت، ئەمەش وادەکات کە فەرمانبەران نەتوانن لەو رۆژەی دیاریکراوە مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکە بەوشێوەیە خاو بەڕێوەدەچێت».
وتیشی «ئەگەر سیستمێکی بانکی رێکوپێک هەبێت و ئامێری راکێشانی پارە لەهەموو بازاڕو دوکانەکاندا هەبێت و متمانەی بانکی لەنێوان هاووڵاتییان و بانکەکاندا هەبێت ئاساییە کەپرۆژەی هەژماری من جێبەجێبکرێت لەبانکە حکومییەکاندا نەک ئەهلییەکان، چونکە کارەساتە فەرمانبەرانی بانکە حکومییەکان بێئیش بکەیت بۆ بانکە ئەهلییەکان».
روونیشکردەوە «ئێمە تاوەکو ئێستا سندوقی خانەنشینیمان نییە، کاتێک پارەی مووچە کە ٩٤٤ ملیار دینارە دێتەسەر هەژماری بانکەکان، ئەو فەرمانبەرانەی کە لەدەوامی ئاساییدان و هیچ خانەنشین و چاودێرییەکی کۆمەڵایەتییان نییەو پێویستە خانەنشینیان لێببڕیت بڕی پارەکەیان ٧٣٢ ملیار دینارە، کاتێك لە ٧%ی بۆ خانەنشینی لێدەبڕێت دووبارە بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، ئەو پارەیە دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان».
حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من»، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی داراییش لەئێستادا پێنج بانک بەشدارن، بەڵام بەپێی ئەو فۆڕمەی فەرمانبەران پڕیدەکەنەوە تەنها سێ بانک دانراوە، هاوکات لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت ناوتۆمارکردن لەو پڕۆژەیە لەشاری سلێمانی و دهۆکیش دەستیپێکردووە.
بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لەڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسند کراون، پارەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، ئەوە جگە لەهاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کەمانگانە نزیکەی ٢٥ ملیار دینارە.