بەهۆی ڤایرۆسێکەوە لە دهۆک ٣٠٠ منداڵ داخڵی نەخۆشخانە کراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نزیکەی هەفتەیەکە ڤایرۆسێکی وەرزی لەناو منداڵان لە شاری دهۆک بڵاوبووەتەوە، تائێستا ٣٠٠ منداڵ لە نەخۆشخانە داخڵکراون، تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت "دەرمانی پێویستمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی توۆشی ئەم جۆرە ڤایرۆسە بوون".
تابان فازڵ، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک تایبەت بە هاوڵاتی وت "هەندێک جۆری ڤایرۆس هەن زوو بڵاودەبنەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە جۆرە ڤایرۆسێک بەناوی (RCV) لەناو منداڵان بڵاوبووتەوە ئەمەش وایکردووە کە ژمارەی تووشبوون دووقات و سێ قات زیادببێت، هەروەها تائێستا لە نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان ٣٠٠ منداڵ بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە داخڵکراون".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم جوڕە ڤایرۆسە زیاتر تووشی سینگی منداڵ دەبێت و هەناسەی تووند دەبێت و پێویست دەکات داخڵی نەخۆشخانە بکرێت تا چارەسەری پێویست وەربگرێت، زیاتر ئەو منداڵانە تووش دەبن کە تەمەنیان لە خوار دوو ساڵە".
د. نەزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی تایبەت بە منداڵان لە شاری دهۆک بە هاوڵاتی رایگەیاند "چارەسەر ئەوەیە دایکان زیاتر شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن و خۆیان بەدووربگرن لەشیری قوتو، چونکە شیری دایک بەرگریی لەشی منداڵ بەهێز دەکات".
ئەو پزیشکە داوا لە کەسوکاری منداڵان دەکات هەرکاتێک هەستیان کرد منداڵەکانیان نەخۆشە بەزووترین کات بیهێننە نەخۆشخانە تا ئێمەش بەزوویی چارەسەربکەین.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی وتیشی "ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەموو ساڵێک بڵاودەبێتەوە، ڤایرۆسێکی وەرزییە لەنێوان کۆتایی هاتنی وەرزی زستان و سەرەتای بەهار، هەروەها دەرمان و پێداویستی تایبەت بەم ڤایرۆسە بەردەستە".
