روونکردنەوەیەک لە رۆژنامەی هاوڵاتییەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەین کە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە (٢٠٥٣) لەگەڵ بەڕێز (مەریوان قەرەنی، ئەندامی ئەنجومەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) بڵاوکراوەتەوە، لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکە چەند دێڕێکی بۆ زیادکراوە کە وتەی بەڕێزیان نییە، بەڵکوو رۆژنامەنووسەکە لێی بەرپرسە و رای تایبەتی رۆژنامەنووسەکەیە.
دووبارە داوای لێبوردن لە بەڕێزیان و خوێنەرەکانمان دەکەین.
هاوڵاتی
دێرە زیاد کراوەکەی کۆتایی چاوپێکەوتنەکە : "چەندین ساڵە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکە لەسیستمی بەرگریی عێراق، بەڵام لەڕووی ماددی و لۆجیستی و پڕچەککردنەوە لەشایستە داراییەکانی خۆی بێبەش کراوە، لەکاتێکدا بودجەی حەشدی شەعبی ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر دەبێت.
هەروەها لەکاتی شەڕی داعشەوە ئەمەریکاو هاوپەیمانان بڕێک لەبودجەیان دیاریکردبوو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەبڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار، دواتر بەهۆی پابەندنەبوونی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و ئەم پاڵپشتییە داراییە کەمیکرد بۆ ٢٢ ملیۆن دۆلار، لەئێستاشدا بڕی پاڵپشتییە داراییەکان کەمتربووەتەوەو تەنها ١٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری دەدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکاو هێزەکانی هاوپەیمانان نیگەرانن لەوەی ئەو چاکسازییانەی کەئەوان چاوەڕوانیان دەکرد لەیەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی پێویست نییەو پرۆسەی یەکگرتنەوەکە زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بەمشێوەیەش بەردەوام بێت ئەگەری هەیە ئەمەریکا کاردانەوەی دیکەی هەبێت و هاوكارییەکانی کەمتربکاتەوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر مووچەو کارو چالاکییەکانی ئەو هێزە."
