پەرلەمانی کوەیت هەڵوەشایەوە
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میری کوەیت بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان بێڕێزی پێ کردووە.
ئەمڕۆ هەینی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ تەلەفیزیۆنی فەرمیی کوەیت بڵاویکردەوە مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح، میری کوەیت بە فەرمانێک پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، هەروەها ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەکە نەکردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی رادیۆی فەردا کە میدیاییەکی ئێرانییە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی پەرلەمانی کوەیت یەکێک لە پەرلەمانتارەکان بێڕێزیی بە میری کوەیت کردووە، دواتر داوا کراوە ئەو بێڕێزییە لە پرۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان بسڕێتەوە کەچی نەسڕاوەتەوە، بۆیە کابینەی حکومەت ئامادە نەبووە لە پەرلەمان ئامادە ببێت.
بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە بێت، هیچ کەس بۆی نییە رەخنە لە میری وڵات بگرێت تەنانەت ئەو کەسانەشی پۆستیان هەیە، هەروەها ئەمە یەکەمجار نییە بە بڕیاری میر پەرلەمانی کوەیت هەڵدەوەشێتەوە، چەندینجاری دیکەش میر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی داوە.