شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەشانسی هەرێمی کوردستان پێشبینیەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی بەهێز ناوچەکان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە نیوەڕۆدا شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات سەرەتا بارانبارین لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و پاشان تەواوی ناوچەکانی تر دەگرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "بارانبارینی ئەمڕۆ بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت هەندێ کات لێزمەباران و هەورەتریشقەشی لەگەڵ دەبێت و لە ناوچەکانی کۆیە و تەقتەق و هیران و هەروەها بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان رۆژهەڵاتی و پارێزگای کەرکوک بارانبارین زیاتر دەبێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو "لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ شەممە بەپێی پێشبینییەکان، ئاسمان بە گشتیی هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، هەروەها لە هەندێ کات هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت، هەروەها پێشبینیدەکرێت لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەرزەکان بەفرێکی کەم ببارەێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی 2 تا 4 پلە نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ".
