ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز رۆژی هەینی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ لە زاری دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و کەسێکی پسپۆڕێکی ستراتیژی سەربازی سەر بە سوپای پاسدارانەوە نووسیویەتی، تەقاندنەوەی دوو بۆری غاز لە چەند پارێزگای ئێران کاری ئیسرائیل بووە و بە هۆی ئەو هێرشانەوە خەڵک لە چەند پارێزگای ئێران غازی ماڵانیان پچڕابوو.
دوو بەرپرسی رۆژئاوایی هەروەها وتوویانە، تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممە ١٥ی شوبات لە کارگەیەکی کیمیایی لە شاری قودس کاری ئیسرائیل بووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی "ئەم هێرشانە دەرخەری گۆڕانی جیدییە لە جەنگی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە ساڵانێکە لە رێگەی ئاسمانی و زەوی و دەریا و هێرشە سایبرییەکانەوە دەستیان پێکردووە".
لە راپۆرتەکەدا نووسراوە، ئیسرائیل لە مێژساڵە دامەزراوە سەربازی و ناوەکییەکانی لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج و زانا و فەرماندە ناوەکییەکانی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران تیرۆر کردووە.
هەروەها ئیسرائیل لە پشت ئەو هێرشە سایبریانەوە بوو کە کرایە سەر بەنزینخانەکان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە مەبەستی کێشە دروستکردن بۆ دابەشکردنی بەنزین لە ئێران.
بەرپرس و لێکۆڵەرەکان بە نیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندووە، تەقینەوەکانی ئەم دواییانە بەشێک لە ژێرخانی وزەی ئێران کە پیشەسازی، کارگە و بە میلیۆن خەڵکی مەدەنی پشتیان پێ بەستووەی کردۆتە ئامانج و دەرخەری پەرەسەندنی جەنگی شاراوەیە و بەرەیەکی نوێ لەم جەنگەدا کراوەتەوە.
دوا بە دوای تەقینەوەی رۆژی چوارشەممە ١٤ی شوبات کە بۆری غازی لەدوو پارێزگای فارس و چوارەمەحاڵی بەختیاری کردبووە ئامانج، وەزیری نەوتی ئێران ئەو تەقینەوانەی بە تیرۆریستی و تێکدەرانە ناو برد.
جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لەمبارەوە وتی " کاتژمێر ١:٠٠ی بەرەبەیان لە لایەن تۆڕێکی تیرۆریستییەوە لە دوو ناوچە هێڵی گواستنەوەی غاز کرایە ئامانج و تەقێندرایەوە".