بایکۆتی بێ مووچەیی ژینگەپارێزانیشی گرتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ ژینگەپارێزانی کۆمپانیای شکار بەهۆی پێنەدانی مووچەکەیانەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ مانگرتنیان راگەیاند و داوای مووچەکانیان دەکەن.
یەکێک لەو ژینگەپارێزانە کە لە کۆمپانیای شکار کاردەکات کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە رایگەیاند "ئەمڕۆ ٤٧ رۆژە مووچەمان وەرنەگرتووە و بەردەوام کێشەی وەرگرتنی مووچەمان هەیە، بۆیە بڕیاریامانداوە تاوەکو وەرگرتنی مووچەکانمان بەردەوام بین لە بایکۆت".
ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە ئەمڕۆ یەکەم رۆژمانە بایکۆت دەکەین، بەڵام ژینگەپارێزانی کۆمپانیاکە لە قەزای دوکان ماوەی چەند رۆژێکە بایکۆتیان کردووە، هەروەها کێشەی ئێمە تەنها مووچە نییە، بەڵکو بەپێی پێویستیش پێداویستییەکانی کارکردنمان بۆ دابین ناکرێت".
هەروەها بۆ زانیاری زیاتر هاوڵاتی پەیوەندیی بە شکار شۆڕش، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار کرد لە سلێمانی و پێی راگەیاندین، "تەنها مووچەی یەک مانگی کارمەندەکانمان دابەشنەکراوە، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار پارەمان بۆ دابین بکات و لەم هەفتەیەدا مووچەکانیان دابەش بکەین".
