کەشتییەکی دیکەی بەریتانی کرایە ئامانج

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمرۆ شەممە 17/2/2024، "یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربازی گروپی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند ، لە رێی ژمارەیەک مووشەکەوە کەشتی نەوت هەڵگری "بۆلۆکس"ی بەریتانیان لە دەریای سوور بە ئامانج گرتووە و توانیویانە بە وردی ئامانجەکەیان بپێکین.

هەروەها "سەریع" ئەوەشی راگەیاند ، هەتا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە رادەگرێت ، حوسییەکان بەردەام دەبن  لە هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی لە رێی دەریای سوورەوە  کەل و پەل و نەوت بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە .

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە دوێنی هەینی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێکانی کەشتییەکی دیکەی بەریتانی لەلایەن حوسییەکانەوە راگەیاند و لەلایەن خۆیشییەوە ژەنەراڵ " براد کۆپەر"ی جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنیکیدا لەگەڵ کەناڵی " سی بی ئێس"ی ئەمریکی رایگەیاند ،" دڵنیاین ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەمەن ، زانیاری ورد لەسەر هێرش کردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور دەدەنە حوسییەکان ".

لەلایەکی دیکەوە کشانەوەی کەشتی "بێهشاد" ی ئێرانی لە دەریای سوور بەرەو جیبوتی ، ئەو گومانەی لای هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا درووست کردووە کە ئەم کەشتییە زانیاری هەواڵگری وردی بە مەبەستی هیرشکردنە سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور بە حوسییەکان داوە.

جێی ئاماژەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ، هێرشی حوسییەکانی یەمەنیش بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور دەستی پیکردووە و تا ئێستا نزیکەی 45 کەشتی جۆراوجۆر بە مووشەک و دروون لەلایەن ئەو گروپەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

لە بەرامبەریشدا هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا چەند بنکە و بارەگایەکی گروپی حوسییەکانی یەمەنیان بوردومان کردووە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار