دڵشاد شەهاب: ناکرێت هەموو جارێک دادگای فیدڕاڵی بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دوابخات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنی داهاتووی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی پرسی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی رایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ جارێکی دیکە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دواخرا و کارەکان هەمووی تەواوکراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنی داهاتوو بڕیار بدرێت".

روونیشیکردەوە "ناکرێت هەموو جارێک دادگای فیدڕاڵی بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دوابخات، بەڵکو هیوادارن بڕیارێکی گونجاو بدات و مەرسومێکی سەرۆکایەتی هەرێم دەربکرێت بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت لە پارێزگاری خاکی عێراق، هەروەها هەرێمی کوردستان مەترسیی نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ وە ناشیبێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە بڕیاردانی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار