لە ئۆپەراسیۆنێکدا ٣٧ سەربازی تورکیا لە هەرێمی زاپ کوژران

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" ئاشکرایکرد کە لە نوێترین ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕییدا بە ناوی “شەهید دۆغا ڤیان” ٣٧ سەربازی تورکیا لە هەرێمی زاپ کوژراون.
لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی راگەیاندنی و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە بڵاویکردەوە "١٧ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١٢:٥٠ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ، لە دژی ئەو داگیرکەرانەی لە گۆڕەپانێکی سەرەکی بارەگاکە جێگیر بوون، ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیان ئەنجامدرا، لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیدا کە بە تاکتیکی هێرشبەرانە دەستیپێکرد، لە چەندین قۆڵەوە لە سەنگەرەکانی دوژمن درا، سەنگەرەکان تێکشکێندران و کۆنترۆڵکران. هێزی پڕۆفیشناڵی ئۆپراسیۆنەکە کە بە گیانی فیدایی ئاپۆیی چوونە سەر دوژمن، بە خێرایی گۆڕەپانی بارەگاکەی لە دوژمن پاککردەوە، چوونە سەر تەرمی داگیرکەران و دەستیان بە سەر چەکەکانیاندا گرت. دوای ئەوەی نارنجۆکهاوێژ، رۆکێتی بی-٧ی داگیرکەر لەسەریان هەڵگیرایەوە، لە دژی داگیرکەران بەکارهێنران، لەگەڵ ئەو چەکانەی دەستیان بەسەرداگیرا، کەلوپەلی داگیرکەران، لەگەڵ خێمە و کۆنتینەرەکان و گۆڕەپانی بارەگاکە بە تەواوەتی سوتێندران".
ئاماژە بەوەشکراوە "گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کە چوونە سەر تەرمی داگیرکەران، ئەوەیان بۆ یەکلابووەوە کە ٣٧ داگیرکەر سزادراون. هاوکات ئەوەشیان بۆ دەرکەوت کە فەرماندەکانی خوارەوەش کە یەکێکیان پلەی سەرپەلی هەبووە سزادراون. هێزەکانمان دەستیان بە سەر هەندێک لە کەلوپەلەکانی فەرماندەکانی داگیرکەراندا گرت".
روونیشکراوەتەوە "لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید دۆغا ڤیاندا ١٥ سەنگەر، ٧ کۆنتینەر، جبەخانەیەک، ناوەندێکی پەیوەندییەکان، ناوەندێکی چاودێری، ٢ چەکی ئەی فۆر، چەکێکی نارنجۆکهاوێژ، ٢ سیستمی رادار و ٥ کامێرای چاودێری حەراری بە تەواوەتی لەناوبران، هەروەها لەسەر داگیرکەرانی بەسزاگەیەندراو ٨ چەکی ئێم پی تی- ٥٥ی کەسی، ٨ مەخزەنی چەکی ئێم پی تی-٥٥، ٥ چەکی ئۆتۆماتیکی بی کەی سی، لولەیەکی چەکی ئۆتۆماتیکی بی کەی سی، ٣٠٠ فیشەکی بی کەی سی، چەکێکی نارنجۆکهاوێژی یەکدانەیی، ٣ چەکی نارنجۆکهاوێژی، چەکێکی نیشانەشکێنی جۆری بۆرا، مەخزەنێک و کەلوپەلەکانی، چەکێکی بۆمبهاوێژی بی-٧، ٢ چەکی پۆمپەیی، دەمانچەیەک، ٨ کامێرای دوربیندار، ٤ دوربینی شەو، دوربینێکی رۆژ، ١١ دووربینی چەک، ٢ ئامێری دەستنیشانکردن، ئامێرێکی بێتەلی گەورە و پاتریەکەی، چوار ئامێری بێتەل، ٢ نارنجۆکهاوێژ، ٣ لەیزڕی ئاماژەدان، ٣ کامێرای بۆسەدانان، ٢ پانێلی وزەی خۆر، ٢ کامێرای حەراری، ٧ پاوەربانک، تلیسکۆپێک، باتریەکی بارگاویکردن، کڵاوێکی سەربازی، ٢ هەستەوەر، ٣ تەلەفون و جانتایەکدا گیرا".
هەپەگە راشیگەیاند "لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید دۆغا ڤیاندا جەنگاوەری ئازا هاوڕێمان شەڕڤان کە بە رۆحی گیانبازانە بەشداری کردبوو، بە قارەمانێتی شەڕی کرد و شەهیدبوو".
ئەوەش ئاشکرا کرا "لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید دۆغا ڤیاندا گورزێکی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشێندرا، زیانی گیانی زۆریان بەرکەوت، لە شاخەکە کە وەک گۆڕەپانی بارەگا بەکاریان دەهێنا هەموو هێزەکانیان بە فەرماندەکانیشیانەوە بە سزاگەیەندران، کەلوپەلە سەربازیەکانیان دەستیان بەسەرداگیرا، ئەو کەرستە و کەلوپەلانەشی مانەوە لە شێنەکەیاند سوتێندران و لەناوبران. سوپای داگیرکەر سەرەڕای ئەوەی زیانی قورسی گیانی بەرکەوت، بۆ چەندین کاتژمێر لێدوانی نەدا، دواتریش تەنیا رایگەیاند کە سەربازێکیان کوژراوە، سەربازێکیشیان برینداربووە. هەروەها بە درۆ سەرەتا رایگەیاند ٦ و دواتریش باسی لەوەکرد کە ٨ گەریلا شەهیدبوون".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە "ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێریی شەهید دۆغا ڤیان لە ساڵی ٢٦ەمیندا وەڵامی پیلانگێریی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتە کە وەک رۆژێکی رەش چووەتە ناو مێژووی گەلەکەمان. لە دژی پیلانگریی نێونەتەوەیی کە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەی ئازادیی و قڕکردنی گەلی کوردستانە، گەلەکەمان، هاوڕێیانمان لە زیندانەکان و گەریلاکانی ئازادیمان بە بەرخودانی گەورەی ٢٥ ساڵە پیلانگێڕیان بێ ئەنجام کردووە. ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیان دەریخست کە ئەو بەرخودانە لە چ ئاستێکدا بەردەوام دەبێت. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان خاوەن ئەزمون، بڕیارداری و هێزی پێویستن کە لە ٢٦ەمین ساڵی پیلانگێری هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەچێ بکەن".
