لاهور شێخ جەنگی: هەڵبژاردنەکان بە ئەنقەست دوادەخرێت

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لاهوور شێخ جەنگی لە نوێترین پەیامی ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاویکردەوە دەڵێت، هەڵبژاردنەکان بە ئەنقەست دوادەخرێن و داوا لە هاوڵاتییان دەکات  لەگەڵ ئەنجامدانیدا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بە گرنگییەوە لێی بڕوانن.

لاهوور شێج جەنگی دەشڵێت، "رووداوەکانی دوو ساڵی رابردوو زۆر هاوکیشەیان لە ناوخۆی هەرێم و واقیعی سیاسیی عێراق و ناوچەکە گۆڕیوە کە وا دەکات دۆخی سیاسیی ئێستا و دوو ساڵ لەمەوبەر بە تەواوی جیاواز بێت، ئەو جیاوازییەش دەسەڵاتداران پێش خەڵک هەستیان پێکردووە، بۆیە هەڵبژاردن دوادەخەن."

لە پەیامەکەیدا  باس لە فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و دەڵێت، "ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت کۆمەڵی نێودەوڵەتی پڕ بایەخ نەبوایە فشاریان نەدەکرد بۆ ئەنجامدانی، بە دیوەکەی تریشدا ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە کاریگەر نەبوایە ئەو حیزبانەی ئێستا بە ئەمری واقیع دەسەڵاتدارن هێندە خۆیان لە ئەنجامدانی نەدەدزییەوە ".

هاوکات پەیامێک بۆ ئەو گەنجانە دەنێرێت کە بۆ یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و تیایدا هاتووە،" دەنگدەرانی ئازیز، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە یەکەمجارتانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، تەنیا دوو رۆژ ماوە، کە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و ناوی خۆتان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە دەست نەدەن، ساڵانێکی زۆرە تەحەمولی حوکمڕانییەکی ناتەندروست دەکەن، هەموومان پێکەوە ئەرکمانە شان بدەینە بەر چاککردنی ئەم دۆخە و گێڕانەوەی هیوا".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی و ڤیدیۆی پەیامەکە ببینە:
 

هاونیشتمانییانی خۆشەویست، دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ئەم کاتەتان باش...
 

وەک هەمووتان ئاگادارن هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئیداری هەستیار و پڕ لە کێشە و قەیران دا تێپەڕ دەبێت، ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێبازاڕی و خراپیی دۆخی کاسبکاران و ئیفلیجبوونی زۆرینەی کایەکان و بێهیوابوونی گەنجەکانمان لێمان دەخوازێت، کە بە هەموومان ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین، پێکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین کە رێگا لە نغرۆبوونی زیاتر بگرێ و جۆرێک لە هەستانەوە و سەرپێخستنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک جێگیر بکەین، ئەوەش لە ئێستادا تەنیا و تەنیا بە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی دەنگدەران دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا.
 

بەم پەیامە دەمەوێ داواتان لێبکەم کە گرنگە لە ئێستاوە بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە خۆتان ساز و ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەو گەنجانەی یەکەمجاریانە بەشداری دەکەن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و خۆیان تۆمار بکەن، زۆر گرنگە بە بایەخەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بڕوانن، کە چەند جارێکە بە ئەنقەست و لە ترسی گۆڕانکاری دوادەخرێ، بەڵام لەوە دڵنیابن کە هەر دەبێ بکرێ، لە ئێستاشدا بەو بەدواداچوون و زانیارییانەی لای من هەن، تاکە ڕێگای گۆڕانکاری سندووقەکانی هەڵبژاردنن و کۆمەڵی نێودەوڵەتی مەبەستییەتی هەرێمی کوردستان بەرەو حوکمڕانییەکی باش بڕوات.
 

رووداوەکانی دوو ساڵی رابردوو زۆر هاوکیشەیان لە ناوخۆی هەرێم و واقیعی سیاسیی عێراق و ناوچەکە گۆڕیوە کە وا دەکات دۆخی سیاسیی ئێستا و دوو ساڵ لەمەوبەر بە تەواوی جیاواز بێت، ئەو جیاوازییەش دەسەڵاتداران پێش خەڵک هەستیان پێکردووە، بۆیە هەڵبژاردن دوادەخەن. لەوەش دڵنیابن ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت کۆمەڵی نێودەوڵەتی پڕ بایەخ نەبوایە فشاریان نەدەکرد بۆ ئەنجامدانی، بە دیوەکەی تریشدا ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە کاریگەر نەبوایە ئەو حیزبانەی ئێستا بە ئەمری واقیع دەسەڵاتدارن هێندە خۆیان لە ئەنجامدانی نەدەدزییەوە و هەرجارە و بە بیانوویەک دوایان نەدەخست، هەر لێرەشەوە داواکارم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات کۆببێتەوە و وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات، داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەکەم وادەی دەرکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان درێژ بکاتەوە، تا دەرفەت بدرێت بەو دەنگدەرانەی کە هێشتا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە و کارتەکانیان وەرنەگرتۆتەوە.
 

هاوڵاتیانی خۆشەویست...

ئێستا دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی حیزبەکانی هەرێم هەرگیز وەک پێشتر نییە، ئەجێندا هەرێمایەتییەکان مەترسیدارن، پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، حکومەت کاربەڕێکەرە، فرۆشتنی نەوت بە بۆری ڕاگیراوە، کێشە داراییەکان لەگەڵ عێراق ئاڵۆزتربوون، مامۆستایان لەسەر شەقامەکانن و ناڕەزایەتییان فراوان و فراوانتر دەبێت، خەڵک تەواو بێزارە، لە پاڵ هەموو ئەوانەدا دەسەڵاتی سیاسی هێشتا بەناوی شەرعییەتی دەنگی خەڵکەوە لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم قسە دەکات، لێرەوەیە بە گرنگی دەزانم لە رێگای بەشداری هەڵبژاردنەکانەوە دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە شەرعییەتی دەنگی خۆتان بدەن بەو هێزانەی کە پێتان وایە دەتوانن خزمەتتان بکەن و سەرەتایەکی نوێ و جیاواز دەهێننە کایەوە.
 

دەنگدەرانی ئازیز، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە یەکەمجارتانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، تەنیا دوو رۆژ ماوە، کە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و ناوی خۆتان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە دەست نەدەن، ساڵانێکی زۆرە تەحەمولی حوکمڕانییەکی ناتەندروست دەکەن، هەموومان پێکەوە ئەرکمانە شان بدەینە بەر چاککردنی ئەم دۆخە و گێڕانەوەی هیوا و هێنانە کایەی سەردەمێک کە حوکمڕانی لەبری گرووپ و تاقمێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، راستییەکی تەواو حاشاهەڵنەگریشە کە خوای گەورە نە لەخراپەوە بۆ باش و نە لە باشەوە بۆ خراپ ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی ناگۆڕێ ئەگەر خەڵک خۆی بەو ئەرکە هەڵنەستێت، بۆیە ئەرکی من و ئێوەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و گەنجان و ژنان و مامۆستایان و تەواوی مووچەخۆران و سەرجەم چین و توێژەکانە، کە هەوڵبدەین سەرەتایەکی نوێ بۆ خەڵک و خاکی ئەم هەرێمە دەستپێبکەین، ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە و دەبێ هەمووان بە ئەرکی ئینسانی و ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیانی بزانن.

خوای گەورە ئێوە و هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو بەڵا و ناخۆشییەک بپارێزێ.
 

هەر شاد و سەرکەوتووبن.

لاهور شێخ جەنگی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار