لە رۆژئاوا دوو ژن منداڵێکیان بە زیندوێتی فڕێدایە بیرێکەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاسایشی ڕۆژئاوا دەستگیرکردنی دوو تاوانباریان ڕاگەیاند کە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵیان بە زیندوی کردبوە بیرێکەوەو کوشتبویان، ئاسایش دەڵێت؛لە لایەن باوەژن و ئامۆژنیەوە کوژراوە.
رۆژی 16ی مانگی رابردوودا، منداڵێک بە ناوی “ئۆلیار یاسر عەگیل” کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بێسەروشوێن بوو، دوای بانگەواز کردن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە، منداڵەکە بە کوژراوی و فڕێدراوی ناو بیرێکی تەنیشت ماڵەکەیان، لە گەڕەکی کۆرنیش لە شاری قامشلۆ، دۆزرایەوە.
ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە پێگەی ڕەسمی خۆیان بڵاویکردۆتەوە ناسنامەی تاوانبارەکان و چۆنییەتی ڕوداوەکە ئاشکرا دەکات باسی لەوەکردووە کە ئۆلیاری تەمەن دوو ساڵ لە لایەن ژنی دووەمی باوکی و ئامۆژنییەوە بە زیندوی کراوەتە ناو بیری ماڵی مامی و لە ئەنجامدا گیانیلەدەستداوە .
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو منداڵە دوو ساڵە دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ پزیشکی دادوەری و داواکاری گشتی کراوە، منداڵەکە لە بیرەکە دەرهێنرا؛ " دوای ئەوە گومانمان هەبوو لە بەشی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هاوسەری دووەمی باوکەکەی، چونکە کێشەی خێزانی زۆر هەبوو، ئەوە بوو دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدرا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا دانی بەوەدانا کە تاوانەکەی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوسەری مامی منداڵەکە ئەنجامداوە”، ئەو دوو ژنە دانیان بەوەدا ناوە، کە منداڵەکەیان بە زیندووی فڕێداوەتە ناو بیرەکەوە”.
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی ئەم منداڵە ئاسایشی ڕۆژئاوا دەڵێت، کە پاڵنەرەکەی تۆڵەسەندنەوە بووە و" لە خراپەکاری و رقەوە سەرچاوەی گرتووە."
