وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە بۆ گشت بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكەی ناردووە، تیادا بڕیاری داوە "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش و رێگریكردن لە دیاردەی ڕێكلامكردن، سەرجەم نەخۆشخانە و بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكان ئاگادار بكرێنەوە، كە پێدانی كارتی تایبەتی نۆڕینگە، یان كارتی كەسی لە نەخۆشخانە و سەنتەر و تاقیگە و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت لە ناو نەخۆشخانە بۆ نەخۆش قەدەغەیە، نابێت نەخۆش ناچار بكرێت بۆ ئەوەی سەردانی نۆڕینگە و نەخۆشخانەی تایبەت بكات."
هەروەها وەزارەتی تەندروستی جەختی كردووەتەوە، هەر پزیشكێك، كارمەندێك یان هەر فەرمانبەرێك ئەو كارە بكات، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی لە دژ دەگیرێتە بەر.

