ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی هەڵپەساردنی بایکۆت رەتدەکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە میدیاکان بەیاننامەیەک بەناوی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بڵاوکرایەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی مامۆستایان و هەڵپەساردنی بایکۆت، ئەندامێکی ئەنجومەنەکە رایگەیاند "ئێمە هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەمان نەیاوە".

هادی حەمە رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکرێن".

لەبارەی ئەو بەیاننامەی کە بڵاوکراوەتەوە بەناوی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت ناوبراو وتی "ئەو بەیاننامەیە فەیکە و هیچ بڕیارێکی وانەدراوە".

دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی کە لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە:

پاش کۆبوونەوەی بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، ناوبراو هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریدا پاش هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراق:

١-  پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەپێی ساڵانی خزمەت، بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن.
٢-  بەگرێبەستکردنی وانەبێژان بە قۆناغبەندی.

لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیان دا، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان؛ بەردەوام لەسەر خەت دەبن و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ.

ئێمەش وەک ئەنجومەنی سەرتاسەریی، لەژێر رۆشنایی ئەو بڕیار و بەڵێنانەی جێگری سەرۆکی حکومەت؛ وەک دەرفەتێکی تر بە دەسەڵات و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی بایکۆت، لە ئەگەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیش، بەگوڕوتینی نوێوە دێینەوە مەیدانەکە.

لێرەوە جێی خۆیەتی؛ سوپاسی یەک بەیەکی مامۆستایانی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر و تەواوی چینوتوێژەکان بکەین؛ کە جوامێرانە و ماندوونەناسانە بەتەنگ سەرخستنی ئەم خەباتە مەدەنییەوە بوون.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار