هاوڵاتی هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سوور ئاشکرا دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

چەند ڕۆژێکە نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوەو بەڕێوبەری گومرگی هەرێمیش دەڵێت هۆکاری بەرزبونەوەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێنێتەوە.  

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە هاوڵاتی وت، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور نێودەوڵەتییە، هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە. 

وتیشی، " بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکەی لە وڵاتانەوە بڕێکی کەمتر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت و بەهۆی بەرزی نرخەکەی لەسەر ناوخۆش زیاتر دەکەوێت هەربۆیە نرخەکەی بەرزبۆتەوە".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە ڕێگری لە هەناردەکردنی  ئاژەڵ دەکرێت، بەڕێوبەری  گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵآتی وت، "ئێمە وڵاتێکی هەناردەکارنین، هاوردەکارین، چونکە ڕێژەکە لە پێداویستی ناوخۆ کەمترە، لاریمان نییە لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی یاسایی و هیچ ڕێگرییەک نییە".

ئەوەشی ڕونکردەوە کە ،"ئێستا ڕێژەی هاوردەکردن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ کەمی کردووە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی نرخەکەی".

نرخی فەرمیی گۆشتی سوور لە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی شار و شارۆچکەکان جیاوازە. بۆ نموونە لە سلێمانی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، لەهەولێر و دهۆک بە 22 هەزار دینارە، لە هەڵەبجە بە 18 هەزار دینارە بەڵام لەناو بازاڕەکاندا بە نرخی فەرمی نافرۆشرێت  ولە ئێستادا لەناو بازاری سلێمانی بە ٢٤ بۆ ٢٥ هەزار دینار دەفرۆشرێت ئەمەش بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست کردووە.

بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا، توانراوە 55٪ی پێویستیی گۆشتی سوور لە ناوخۆ دابینبکرێت، کە نزیکەی 75 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، ئەوەی دیکە دەبێت هاوردەبکرێت.

ئەو هاوردەیەش لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، هەنگاریا و بەرازیل بەفەرمی هاوردە دەکرێت؛ هاوکات، لە چەند وڵاتێکی دیکە بە نافەرمی دەهێندرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار