بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە لە ئاکرێ دوو کەس گیانیان لەدەستدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی کافیا سەر بەناحیەی دینارتە-یان بۆردوومانکرد، سەرچاوەیەکیش ئاشکرایکرد بەهۆی بۆردوومانکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ گوندی کافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بۆردوومانکرا، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە چوار هاوڵاتی بەناوەکانی (بەشیر عومەر،عارف تەها، سادق تاهیر، عەبدوڵلا تاهیر) برینداربوون، بەپێی زانیارییەکان دووان لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە زانیارییەکانی پشت راستکردەوە و وتی "لەو چوار هاوڵاتییەی کە برینداربوون دووانیان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد " ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندی بامشمش کە نزیکە لە گوندی کافیا ئەو شوێنە بۆردوومانکراوە خۆیان ئامادەکردووە تابچنە شوێنی بۆردوومانکە و تەرمەکان بهێننەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار