دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە.
م. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە هاوڵاتی وت "بڕیارە رۆژی یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی سکاڵاکەمان لەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەدا داوامان کردووە مووچەکانمان هاوتای مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق بکرێت و دابەشکردنەکەشی دوانەکەوێت".
ئەوەشی خستەڕوو "خۆشمان ئامادەی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی دادگای فیدراڵی دەبین، پێمان وایە لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاری کۆتایی بدات یان تەنیا یەک دوو رۆژێک دانیشتنەکە دوابخات و دواتر بڕیار بدات".
