ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ خۆپیشاندەرێکی ٢٧ ساڵ سزای لەسێدارەی بەسەردا سەپێندرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، شاھین وەساف ھاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سەڵماسی سەربە پارێزگای ورمێ کە لە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرابوو، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ورمێ سزای لەسێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ناسر وەساف لە ئورمیە دەستبەسەرکرابوو هاوکات دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و ناسر وەساف ڕۆژانی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کراوە.
شایانی باسە ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەریدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و بینینی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
