کەجەکە: تورکیا و پارتی ئەنفالێکی نوێ بە سەر کوردستاندا دەسەپێنن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دوای سەرەخۆشی کردن لە خێزانی  ئەو دوو جوتیارەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستدا دەڵێت، تورکیا بە یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان  شاڵاوێکی نوێی کیمیاباران و ئەنفال ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ هاوڵاتی نێردراوە کەجەکە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕوداوەکانی ئەم دواییەی هەرێم بڵاوکردەوە و بەتایبەتیش ئەو هێرشەی تورکیا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو جوتیاری کورد لە هەرێمی کوردستان وباسی لەوەکردووە کە ئەو هێرشە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە تورکیا دژی هەموو کوردێکە و رژاندنی خوێنی کورد و کاولکردنی نیشتمانی کورد بە کارێکی رەوا دەزانێت.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کەجەکە سەبارەت بە سەردانی وەزیرەکانی تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا دەڵێت، ئامادەکارییە و دەیانەوێت عێراق پەلکێشی هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا بکەن "لەم شاڵاوە نوێیەی ئەنفال و داگیرکارییە".

هاوکات ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە  "لە ئەنجامی هێرشەکانی  تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان تا ئێستا نزیکەی هەزار گوند چووڵ و خاپور کراون، بە سەدان هاوڵاتیی شەهید بوون، بە سەدان بریندار بوون و بە دەیان هەزاریش لە سەر زێد و خاکی خۆیان ئاوارە بوون و هەروەها بەسەدان گەریلای ئازادیی کوردستانیش لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا شەهید بوون".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە کە وێنەیەکی بۆ هاوڵاتی نێردراوە:

کەجەکە؛ تورکیا و پەدەکە ئەنفالێکی نوێ بە سەر کوردستاندا دەسەپێنن لە ‌هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر چیای “سیارێ’ گۆندی کافیای سەربە شارەدێ دینارتەی هەرێمی بادینان، دوو هاوڵاتیی باشوری کوردستان بە ناوەکانی “بەشیر عومەر عەلی” و “عارف تەها” شەهید بوون. شەهید بەشیر و شەهید عارف لە کاتێکدا بوونە ئامانجی سوپای داگیرکەری تورکیا کە لە نێو باخ و زەوی گوندی خۆیاندا خەریکی کار بوون.

لێرەدا وێرای شەرمەزار کردنی ئەم کۆمەڵکوژییە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵکی باشوری کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدان “بەشیر عومەر عەلی” و “عارف تەها” دەکەین.

ئەم هێرشە دڕندانەیەی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە تورکیا دژی هەموو کوردێکە و رژاندنی خوێنی کورد و کاولکردنی نیشتمانی کورد بۆ خۆی بە کارێکی رەوا دەزانێت. لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان تا ئێستا نزیکەی هەزار گوند چووڵ و خاپور کراون، بە سەدان هاوڵاتیی شەهید بوون، بە سەدان بریندار بوون و بە دەیان هەزاریش لە سەر زێد و خاکی خۆیان ئاوارە بوون و هەروەها بەسەدان گەریلای ئازادیی کوردستانیش لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا شەهید بوون، ئەمە شاڵاوێکی نوێ کیمیاباران و ئەنفالە کە لە سەر دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجام دەدرێت و دەسەڵاتی پەدەکەش هاوشێوەی جاش و موستەشارەکانی سەردەمی بەعس هاوبەشی ئەم ئەنفالەیە، چاوساخی بۆ دەکات، تاوانەکانیان پەردەپۆش دەکات و تەنانەت رەوایەتییان پێدەدات، هەروەها رێگری لەوە دەکات کە هەڵوێستی جەماوەری و نیشتمانپەروەری لە دژی ئەم کۆمەڵکوژییانە پێش بکەوێت، واتە تورکیا و پەدەکە ئەنفالێکی نوێ بە سەر کوردستاندا دەسەپێنن، لە کاتێکدا کە خوێنی سووری هاونیشتمانیانی باشور بە دەستی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەڕژێت و بەم شێوەیە شەهید دەکرێن، دەسەڵاتدارانی پەدەکە لە سەر فەرشی سوور پێشوازی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن، لە ئامێزیان دەگرن و دەست لە ناو دەست پۆز بۆ کامێراکان دەدەن.

دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و باخچەلی خەریکی داڕشتنی پلانێکی نوێ و بەرفراوانی داگیرکارییە لە دژی باشوری کوردستان. سەردانی وەزیرە تیرۆریستەکانی تورکیا بو هەولێر و بەغدا ئامادەکارییەکە بۆ ئەم هێرشە، دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەیانەوێت دەوڵەتی عێراق پەلکێشی هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا بکەن لەم شاڵاوە نوێیەی ئەنفال و داگیرکارییەدا، هەربۆیە بانگەوازیمان هەیە بۆ هەموو هێز و لایەنەکانی باشوری کوردستان و هەروەها دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عێراق کە لە دژی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست وەربگرن و بەم جۆرە رێگری لەوە بکەن کە تورکیا زیاتر و زیاتر خوێنی هاوڵاتییانی باشوری کوردستان بڕژێنێت. لێرەدا جارێکی دی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی باشووری کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهید عارف و شەهید بەشیر دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی ئێش و خەم و پەژارەتان دەزانین.

لە پەروەردگاری مەزن داواکارین کە گیانی هەر دوو شەهید بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵەی هێژایان ببەخشێت و هەروەها بەڵێن و پەیمان دەدەین کە لە سەر رێبازی شەهید هەڵمەت دێرەلووک بە گوڕترکردن و برەودانی هەرچی زیاتر بە تێکۆشان لە دژی فاشیزم و داگیرکاری و بەکرێگیراوی تۆڵەی خوێنی شەهیدان بکەینەوە”.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار