بۆ یەکەمجار شنگال دەبێتە خاوەنی زانکۆ
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی عێراق بڕیاری دروستکردنی زانکۆی لە قەزای شنگال دەرکردووە و بەمنزیکانه دەست بە دروستکردنی دەکرێت.
حەسەن ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال بەشی عەرەبی به هاوڵاتی راگەیاند "بڕیاری دروستکردنی زانکۆی شنگال لەلایەن حکومەتی عێراق دەرچووە، ئەو شوێنەی هەڵبژێردراوە بۆدروستکردنی ناوی (ئادیکا)یە و دەکەوێتە سنووری ناحیەی سنون، 210 دۆنم زەوی دابینکراوە، بەمنزیکانە بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد "بودجەیەک بۆ پرۆژەکە دابینکراوە، بەڵام بە تەواوی نازانم بڕەکەی چەندە، ئەمه یەکەمجارە زانکۆیەک بۆ شنگال دروست بکرێت، بەدڵنیایەوە خوێندنکارانمان لەجیاتی بچنە موسڵ و شارەکانی دیکە هەر لە شنگال درێژە بە خوێندنی خۆیان دەدەن".
لەئێستادا ١٠٧ خوێندنگەی عەرەبی لە ناوەندی شنگال و دەوروبەری هەن، ژمارەی خوێندکارانیش نزیکەی ٣٠ هەزار خوێندکارە.
