بەندکراوێکی کورد بەشێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، بەرپرسانی بەندیخانە رایانگەیاندووە کە ناوبراو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاهین گەلەداری بەندکراوی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "حەکی" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، کە ماوەی دوو ساڵەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکرد، ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بەشێوەیەکی گوماناوی لەو بەندیخانەیە گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بە بەندکراوان و بنەماڵەی گەلەدارییان راگەیاندووە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆی کوشتووە. تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادی ئورمیە گواستراوەتەوە.
رێکخراوی هەنگاو دەڵێت "شاهین گەلەداری لەماوەی رابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و تەنانەت سمێلیان تاشیوە".
شاهین گەلەداری رۆژی پێنجشەممە ٩ی شوباتی ٢٠١٩ لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا، دواتر ناوبراو لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لایەنی کەم ٣٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە ٦٠% ئەو کەسانە بەندکراوانی کورد بوون و لانی کەم ١٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەستداوە.
