دادگەی فیدراڵی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكلایی دەكاتەوە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆدەبێتەوە و چەند سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران  و سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی تاوتوێ دەکات.

بە گوێرەی خشتەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چەند سکاڵایەک کۆدەبێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە لەسەر جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران تۆمارکراوە و داوا لە دادگا کراوە، بڕیار لە نادەستووریبوونى دانیشتنى رۆژى ١٣ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤ بدات، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرجەم بڕیار و رێکارەکانى هەڵبوەشێنێتەوە.

بڕیاریشە رۆژى چوارشەممە، دادگاى فیدراڵى دوو سکاڵاى دیکە یەکلابکاتەوە کە لە دژى شەعلان عەبدولجەبار کرەیم، تۆمارکراون و داوا لە دادگا کراوە ئەندامێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران و مافى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆى نەبوونى مەرجە یاسایی و دەستورییەکانى ئەندامێتى.

لە ڕۆژی ١٤-١١-٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکدا کۆتایی بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێنا، لەوکاتەوە ئەنجوومەنەکە بێ سەرۆکە .

هاوکات هەر ئەمڕۆ سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری دژەتیرۆر لە سلێمانی تاوتوێ دەکرێت، کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا تانە لە یاساى ژمارە3ى ساڵى ٢٠٠٦ یاساى روبەڕووبونەوەى تیرۆر دراوە کە یاساى ژمارە ٧ساڵى ٢٠١٨ پشتیپێبەستووە و ناوبراو داوادەکات بەهۆى نادەستووریبوونى یاساکەوە ئەو بڕیارانەى کە لەدادگاى هەولێر لەدژى داواکراوان بەو یاسایە دەرکراون پوچەڵبکرێنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار