سلێمانی؛ له‌ شه‌قامی 60 مه‌تری ته‌رمێک دۆزرایه‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، تەرمێكی‌ نەناسراو لە نزیك مزگەوتی‌ ناهیلە خاتون لەشەقامی شەست مەتری سلێمانی دۆزراوەتەوە و هیچ ناسنامه‌یه‌كی پێنییه‌ و بڕوا دەکرێت خەڵکی دەرەوەی شاری سلێمانی بێت.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی سەبارەت بە ڕوداوەکە بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، تەرمی ئەو هاوڵاتییە دوێنێ دۆزراوەتەوەو بردراوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ ناسنامەیەکی پێنەبووە نازانرێت کێیەو تا ئێستاش کەسوکاری پەیوەندی پێوە نەکردوون لەسەر بڕیاری دادوەر وێنەکەیان بڵاوکردۆتەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو هاوڵاتییەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە لەرەگەزی‌ نێرە و تەمەنی لە نێون (45 بۆ 50) ساڵ دەبێت لە نزیك مزگەوتی‌ ناهیلە خاتون لەشەقامی شەست مەتری سلێمانی دۆزراوەتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو هاوڵآتییەش ڕایگەیاند، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان "هیچ ئاسەوارێكی‌ كوشتنی‌ پێوەدیارنییە" و پێدەچێت نەخۆش بێت و بەو هۆكارە گیانی‌ لەدەستدابێت هاوکات گومانیشیان هەیە کە ڕەق بوبێتەوە .

 لەئێستادا تەرمی ئەو هاوڵاتییە لەپزیشكی‌ دادی‌ سلێمانییە و بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیش داوادەکات هەركەسێك دەیناسێت یان زانیاری‌ هەیە لەبارەیەوە پەیوەندی‌ بكات بە بنكەی‌ پۆلیسی ئەزمەڕەوە بەژمارە (0533281723) یاخود سەردانی پزیشكی دادی سلێمانی بكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار