نهێنییەکانی پشت ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاشکرابوو
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەوی رابردوو بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر بە سەدان دوکان سووتان و زیانێکی زۆر بەر خاوەن دوکانەکانی ئەو بازاڕە کەوت.
دوای تێپەڕینی چەند کاتژمێرێک بەسەر رووداوەکەدا رێکخراوێکی تورک بەناوی "میساقی میلـلی" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "وەک چۆن پێشتر دوکانەکانی کەرکوکمان سووتاند ئاواش هی هەولێرمان سووتاند".
لە بەیاننامەکەدا رێکخراوەکە باس لە سووتاندنی ١٣١٥ دوکان بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکات لە کۆی دوو هەزار ٣١٥ دوکان لە کاتژمێر حەوتی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، کە ئەوان سووتاندویانە بۆ ئەوەی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر هەڵبکەن.
هەروەها رێکخراوەکە لە بەیاننامەکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەو کردە تیرۆریستییە دەکات و هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی تەسلیمیان بن و دەڵێن "هۆشدارییەکانمان جێبەجێ بکەن".
رێکخراوی میساقی میلـلی رێکخراوێکی تیرۆریستییە سەر بە دەزگای میتی تورکییە، لەلایەن گروپی گورگە بۆرەکانەوە راهێنانیان پێدەکرێت.
لە ئێستادا سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانەوە بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە هاتوونەتە خاکی هەرێم و بنکە سەربازییەکانیان جێگیرکردووە.
