سۆران عومەر: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر نهێنی و راستی ئاشکرا کردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر نهێنی و راستی ئاشکرا کردووە"، ئاماژە بەوەشدەکات وەزارەتی دارایی فیدراڵ و چاودێری دارایش سەلماندویانە هەرێم پابەند نییە و داوایان لە دادگا کردووە ئەوان بەرپرسیار نین لە پێدانی راستەوخۆی مووچەی هەرێم.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی "لەهەموو بڕیارەکەدا حکومەتی هەرێم بەوشەیەکیش نەیتوانیوە وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی پابەندنەبووە بەپێدانی زانیاری و بەڵگەی داهات و خەرجی و وەڵامی تێبینیەکانی چاودێری دارایی لەسەر لیستی مووچە نەداوەتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ و چاودێری دارایش سەلماندویانە هەرێم پابەند نیەو داوایان لەدادگا کردووە ئەوان بەرپرسیار نین لە پێدانی راستەوخۆی مووچەی هەرێم".

ئاماژەی بەوەشکردووە "دادگای فیدراڵی ئەوە رەتدەکاتەوە، پێدانی موچە جیا دەکاتەوە لە پابەندنەبوونی هەرێم و کێشەی سیاسی و بڕیا دەدات بەپێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەجێگیرکردنی لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە، هەروەها لەناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤ و موحدتها ٢٦٩/ اتحادية/ ٢٠٢٣) دا زۆر بابەتی گرنگی تێدایە لەسەر پابەندبوون و پابەند نەبونی هەرێم و لیستی مووچە و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان".

دەشڵێت، نوێنەری دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر بەجێهێنانی ئەو ئەرکانە کەلەیاسای بودجەدا لەسەری دانراوە وتەو بەڵگەی خۆی پێشکەش کردووە، تێیدا هاتووە:

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڵگەو زانیاری هەناردەی نەوتی لەتەواوی کێڵگەکانەوە نەداوە پێیان تاکو وردبینی بکرێ و پەسەندی بکەن.

ئاماژەش بەوەکراوە چاودێری دارایی عێراق وردبینیان لە لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کردووەو دوو راپۆرتیان داوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەچەندین نوسراو تێبینیان لەسەر لیستەکە داوە بە حکومەتی هەرێم بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە داوای زانیاری زیاتریان کردووە.

لەسەر پاکتاوی ٢٠٠٤ تاکو ٢٠٢٢ داوای بەڵگەو تۆمارو داتایان لەحکومەتی هەرێم کردووە بەسێ نوسراوی فەرمی بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.

لەسەر میزانی موراجەعەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دوای ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو حکومەت پێکدەهێنرێ داوای خشتەکان و شیکردنەوەی داهات و خەرجییەکانی سێ مانگی کۆتایی (٢٠٢٣) دەکەن بەڵام حکومەتی هەرێم وەڵام ناداتەوە (ئەمە ئەو سێ مانگەیە کە مووچە نەدراوە).

وەزارەتی دارایی عێراق دوو حساب بانکی بەدینار و دۆلار بۆ هەرێم کردووەتەوە لە بانکی ناوەندی تاکو داهاتی نەوتی و نانەوتی تێدا دابنري و وردبینی بکرێت، بەڵام هیج بڕە پارەیەکی تێدا دانەنراوە.

لە ١١/٢/٢٠٢٤ پارێزەری حکومەتی عێراق تووندترین یاداشت دەدات بەدادگای فیدراڵی تاکو قەناعەت بەدادگای فیدراڵی بکات و مووچە بەجیا لەپشکی هەرێم نەدات، چەندین مادەو بڕگەی یاسایی ئاماژەپێکردووە کە هەرێم پابەندی خۆی جێنەجێ نەکردووە، بە کورتی دەڵێ حکومەتی عێراق بەرپرسیار نیە لەپێدانی مووچە بەخەڵکی کوردستان بە سەربەخۆیی و جیا لە پشکی هەرێم، بۆ ئەمەش پشتی بە مادەی ١٢١ بڕگەی دووەمی دەستوور بەستووە.

لە کۆتایی نووسینەکەشیدا رایگەیاندووە "بەڵام دادگای فیدراڵی ئەوە رەتدەکاتەوە لەبڕیارەکەدا دەنوسێت: لەسەر دەسەڵاتە فیدراڵیەکان پێویستە زەمانەتی دادگەری لە دابەشکردنی داهاتەکان بکەن بۆ هەرێم و پارێزگاکان، دابەشکردنی سامانی وڵات پێویستە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مرۆڤ بونی تاک بێت، بەو مانایەی پێویستە هەموو ئینسانێک پێداویستیە بنەڕەتیەکانی دابین بکرێت لەچوارچێوەی ڕێزگرتن لەکەرامەتی و ئینسانی بوونی، بێ بەش کردن و برسیکردن بنەمای هەست کردنە بەستەم و چەوساندنەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار