لە مانگی شوباتدا ٦٧ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ٦٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و برینداربوون و لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە سنوورەکانی کوردستان چوار کۆڵبەر کوژراون و ٦٣ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون، هەروەها لانیکەم ٢ منداڵی خەڵکی شارەکانی بۆکان و دیواندەرە لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هیزە سنوورییەکان بریندار بوون.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون، هەروەها بەراورد بە مانگی رابردوو ژمارەی کوژراو و بریندارانی کۆڵبەران لە ٣٤٪ زیادی کردووە.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدراوە، نزیکەی لە ٥٤٪ی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی لە پارێزگای کرماشان بوون.
