كێشەی باڵەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی پەل دەهاوێژێ بۆ قوتی ژیانی پاسەوانەکانیان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نزیكەی چوارمانگ بەرلە ئێستا كامیل حاجی عەلی لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوویەوە و دوای ماوەیەك لە ناكۆكی ناوخۆیی لەگەڵ باڵی عیرفان عبدولعزیز بڕیاری دا حزبێكی نوێ دابمەزرێنێت بەناوی پەیوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی،بەڵام تائێستا ناکۆکییەکانی نێوانیان بەردەوامەو بە پێی نوسراوێک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە کێشەکانیان پەلی هاویشتۆتە ژیانی پاسەوانەکانیانەوە.
بە پێی سەرچاوەیەکی تایبەت لەناو بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیەوە وێنەی نوسراوێک بۆ هاوڵاتی نێردراوە کە تیایدا داواكراوە لادان و دانان بۆ چەند پاسەوانێكی بزوتنەوەی ئیسلامی بكرێت،بەهۆی ئەوەی لە لای كامیلی حاجی عەلی ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە ناو ڕیزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی.
ئەو سەرچاوەیە بە پەیامنێری هاوڵاتی ڕاگەیاند: لەلایەن باڵی عیرفان عەبدولعەزیز-ەوە ئەو نوسراوە دەرکراوەو نێردراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دەركردنی 11 پۆلیس بە بیانوی جێبەجێ نەكردنی ئەركەكانیان و لادان و دانان لەبری ئەم یانزە پۆلیسە لەكاتێكدا هەریەك لەم پاسەوانانە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ئەركی خۆیاندا بوون.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد : ئەو یانزە پاسەوانە لەبەر ئەوەی دوای فشارەکان لە لای كامیلی حاجی عەلی ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە ناو ڕیزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە 24ی مانگی یەكی ئەمساڵ نوسراوێك كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانیەكان بۆ لادان و دان -ی ئەو 11 پاسەوانە تا لە كارەكانیان دووربخرێنەوە.
سەرچاوەكە وتیشی : ئێمە وەك بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی ڕاستەخۆ داوامان كرد لە وەزارەتی ناوخۆ تا ڕێكاری یاسایی بگرێتەبەر و ئەو چەند پاسەوانە لە ئەركری خۆیان بەردەوام بن چونكە ئەوان هیچ گرفتێكی یاسایان نەبووە و لەئەركرا بوون ،بۆیە لە ئێستادا گرفتەكە چارەسەركراوە و پۆلیسەكانیش بەردەوامن لەكاری خۆیان واتە نەتوانرا كەسی تر لە شوێنیان دابنرێت.
هاوڵاتی ئەوەشی زانیوە لەماوەی ڕابردوودا چەند پاسەوانێك كە لە ڕیزەكانی پەیوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی بوون لەبەر مەترسی بڕینی مووچەكانیان و دەركردنیان لە كارەكانیان گەڕاونەتەوە ڕیزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی واتە باڵی عیرفان عەبدولعەزیز .
ئەو سەرچاوەی قسەی بۆ پەیامێری هاوڵاتی كردوە باسی لەوەش كردوە : قسە لەسەر ئەوەكراوە لە هەفتەی ئایندە ڕێكارەكانی بەستنی كۆنگرە تەواو ببن بەڵام ئەگەر نەتوانرا ڕیكارەكان لە نێوخۆی حیزب جێبەجێ بكرێن بە ئەگەرێكی زۆرەوە كۆنگرەكە دەكەوێتە پاش مانگی پیرۆزی ڕەمەزان .
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی كە بڵاوكرایەوە كامیلی حاجی عەلی مۆڵەتی حیزبێكی نوێی ئیسلامی وەرگرت بە ناوی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی كە نزیكەی چوارمانگ بەرلە ئێستا لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوویەوە مۆڵەتی كاركردنەكەش لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە وەرگرتوە ، بڕیاریشە لە كۆنگرەدا 1300 كەس بەشداربن

