وەزارەتی دارایی: پێویستە لەماوەی (24) كاتژمێردا لیستی موچە ئامادەبكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم وەزارەت و دەستەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لەماوەی (24) كاتژمێردا، لیستی موچە ئامادەبكرێت بە مەبەستی ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
بەپێی نووسراوێك وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان داوای لە تەواوی وەزارەت و دەستەكان كردووە لیستی مووچە بەزمانی عەرەبی ئامادە بكەن لە ماوەی 24 كاتژمێردا بگاتە وەزارەتەكە هاوکات بەپێی زانیارییەکان ئامادەكردنی ئەو لیستی مووچەیە بۆ ئەوەیە تا بەزووترین كات رەوانەی دارایی عێراق بكرێت بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی دوو.
بەپێی داواكارییەكە لیستەكە بۆ موچەی مانگی شوباتی 2024 و بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستە، داواكراوە بە یەك (سی دی) و بنێردرێت.
لە داواكارییەكەدا ئەوەش هاتووە كە سەرجەم ئەو بەشانەی كە پڕدەكرێنەوە بە زمانی عەرەبی بێت و بەتایبەت ناونیشانی وەزیفی و پوختەی گشتی لەسەرجەم ئاستی وەزارەت و دەستەكان پەسەندب بكرێت بە شێوەی هارد كۆپی بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی/ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری.
بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی دوو بە لیستی مووچە دابەشدەكرێت و لە مانگی ئادارەوە بەكارتی بانكی مووچە دابەشدەكرێت.
وەزارەتی دارایی عێراقیش رایگەیاندووە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی دووی بۆ نەناردوون .

