فەلاح مستەفا: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەسەر ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا وەستاوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی ڕاگەیاند لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەکە لەسەر ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا وەستاوە.
فەلاح مستەفا، راوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان،ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی راگەیاند، هەر کاتێک هەولێر و بەغداد گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی، تورکیا ئامادەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان".
وتیشى "کۆنووسێکى هاوبەش ئامادەکراوە و لە بەغدادە، هەر کاتێک پەسەند کرا، هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێدەکاتەوە".
بەوتەی فەلاح مستەفا لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا، ولە کۆبونەوەکەید لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕێککەوتون.
هاوکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ تورکیا، و سەردانکردنی ئەردۆغان بۆ عێراق ئەو ڕاوێژکارە ڕایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنى پرسی فڕۆکەخانەکە و وتیشی، لەپاش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات.
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا.هاوکات رۆژی 3ـی نیسانی 2023 ، هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت، پاشان تورکیاش بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت گەشت بۆ سلێمانی بکات.
