بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید رێکارەکانیان بۆ دروستکردنی ھەژماری بانکی مووچەخۆران دەستپێدەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێکارەکانیان بۆ کردنەوەی لقی بانکی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن بەمەبەستى دەستکردن بە کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان .
بە گوێرەی زانیارییەکان لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەچەند رۆژی رابردوودا هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید رێکارەکانی کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی بە میدیای یەکێتی وتووە ، بانکەکانى رەشید و رافیدەین باڵەخانەیان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى بانکە حکومییەکان تێیاندا جێگیرکراوە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو بانکانە، ئەگەرچى هەردوو بانکەکە بەفەرمى داواى باڵەخانەکانیان کردووە.
سەرچاوەکە وتیشى، هەردوو بانکەکە رەزامەندییان دەربڕیوە نووسینگە لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە بۆ کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەڵوێستى خۆى لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە.
ئەمەشدوای ئەوەهات لە رۆژى 21ـى شوباتى 2024، دادگاى فیدراڵى عێراق بریاریدا بە پابەندکردنى حکومەتى فیدراڵ بە دابینکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان،داواشی کرد هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بکرێت بە مەبەستی پێدانی مووچەکانیان لە لایەن عێراقەوە و ڕاشیگەیاند ئەو بنکانەی دەتوانن بەشدار بن تەنها بانکی حکومین.
