کورد لە شاری ورمێ زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی ئێرانی بەدەست هێنا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێران کورد لە شاری ورمێ زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا و ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسیش دەڵێن دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات.

رۆژی هەینی ١٢ هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئەنجومەنی ئیسلامی و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایانی رێبەری لە ئێران بەڕێوەچوو.

بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کە حکوومەت رایگەیاندووە لە سەدا ٤٠ی  خەڵکی ئێران بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

هاوکات زۆرترین رێژەی بەشداری کورد لە شاری ورمێ بووە. شاری ورمێ دوای کرماشان گەورەترین شاری کورد نشینە، و جگە لە کورد کەمینەیتری وەک ئەرمەنی لەم شارە نیشتەجێن.

 ورمێ ٣ نوێنەری هەیە لە پەرلەمانی ئێران، ساڵانی پێشتر نوێنەرەکان هەموویان تورک ئەبوون یان ئەوەی ژمارەی نوێنەرە تورکەکان زیاتر ئەبوو لە کوردەکان، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دوا بە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە شاری ورمی، دەرکەوت لە ٣ نوێنەرەکە ٢ نوێنەری ئەو شارە کوردە و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کوردی شاری ورمێ بڕژێنە سەر شەقام و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن.

لەم بارەیەوە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و میدیایش بە گومانەوە لەم دەرئەنجامەیان روانیوەو بۆ ئەوەیان گێڕاوەتەوە دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات.

ئاگری ئیسماعیل نژاد رۆژنامەنووس و  چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی ورمێ بە گومانەوە لەم دەرئەنجامە ئەڕوانێت و نووسیویەتی :" کورد ئەبێ وریا بێت و نابێ فریوی ئەم پیلانگێڕییە بخوات".

رۆژنامەنووسە تورکەکان باس لەوە ئەکەن زۆربەی تورک و ئازەرییەکانی ئەو شارە هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە.

رۆژنامەنووسێکی تورکی خەڵکی ورمێ و دانیشتووی ئیستانبووڵ بەناو "مەتین" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی x نووسیویەتی :" بەشی زۆری ئازەرییەکانی ورمێ ئامادە نەبوون بەشدار بن ، کوردەکان چوون دەنگیان دا. ئەو نوێنەرانە بۆ ئێوە."

لەم هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای سنە لەسەدا٢٥ی خەڵک بەشداریان کردووە، هاوکات  ئەم رێژەیە لای بەشێکی زۆر لەچاودێرانی سیاسی جێگەی گومانە و لایان وایە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەمتر بووە لەوەی راگەیەندراوەو تەنانەت لە پارێزگای سنە لایان وایە بەشداری خەڵک ژیر ١٠٪ بووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار