چالاکوانێکی دیکەی بادینان سزادرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای تێپەربوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر راگرتنی چالاکوانێکی ناحیەی شیلادزێ، ئەمرۆ بە تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە بە شەش مانگ زیندانی کردن سزادرا.
شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو عەباس ئاڤاشین، چالاکوانی دیاری ناحیەی شیلادزێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرا، داخاز ئەڤاشین، برای عەباس ئەڤاشین بە هاوڵاتی راگەیاند "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ لەسەر راگرتنی براکەم، ئەمرۆ یەکشەممە دادگا بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر عەباس-دا سەپاند".
برای ئەو چالاکوانە وتیشی "براکەم لەسەر تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە دادگایی کراوە ".
عەباس ئاڤاشین، چالاکوانێکی شیلادزێ یە،هاوکات بۆ بژێوی ژیانی خۆی دوکانێکی فرۆشتن و دانانی تلستار لە سەنتەری شیلادزێ هەیە، دواین پۆستی عەباس ئاڤاشین لەسەر دۆخی خراپی کارەبا بووە کە بەر لەدەستگیرکردنی بە چەند رۆژێک نوسیوەتی "شەو و رۆژ نۆ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە".
براکەی رەتیدەکاتەوە کە عەباس هەوڵی دابێت ئەمنییەت تێکبدات دەشڵێت "هەموو کەسێک باش براکەم دەناسن، ئەوەی ئەو کردوویەتی تەنها چەند رەخنەیەک بووە لەسەر دۆخی کارەبا، دواکەوتنی مووچە، کەمی خزمەتگۆزاری، لەکاتی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەسەر ئەم بابەتانە باسی هیچ کەسێکی دیاریکراو نەکردووە واتە تەشهیری هیچ کەسێک نەکردووه".
ئاماژەی بەوەشدا "ئەوماوەیەی عەباس راگیراوە هەمووی بۆ حساب دەکرێت، دوای تەواوکردنی حوکمەکەی ئازاد دەکرێت، لەئێستادا لە ئاسایشی گشتی گواستراوەتەوه بۆ چاکسازی زرکا لە شاری دهۆک".
