ئەگەری زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئارادایە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لێپرسراوی زەڕەنگەرانی سلێمانی رایدەگەیەنێت گۆڕانکارییەکی زۆر لە نرخی زێڕ روویداوە و رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئاماژە بەوەشدەکات بازاڕی زێڕ زۆر لاواز بووە و مامەڵەی کەمی پێوەدەکرێت.
دلێر تاهیر، لێپرسراوی زەڕەنگەرانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "نرخی کیلۆیەک زێڕ شەش دفتەر و 63 وەرەقەیە، هەروەها نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیاری 21 بەبێ هەقدەست 290 دۆلارە و نرخی عەیارە 18ش 249 دۆلارە".
ئاماژەی بەوەشکرد "نرخی زێڕ گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە و بۆ هەر کیلۆیەک 19 وەرەقە نرخەکەی بەرزبووەتەوە، هەروەها بازاڕی زێڕ لاوازە و بەهۆی ئەم بەرزبوونەوەیە مامەڵەی کەمی پێوەدەکرێت".
بەپێی پیشبینییەکانی شارەزایان بێت، نرخی زێڕ تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 زیاتر بەرزدەبێتەوە، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی و دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێنەوە.
