پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان: لەمەودوا ستەم و نادادپەروەری قبووڵ ناکەین

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ نوێنەرانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دژی دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان گردبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی، سریانی، عەرەبی و چەند زمانێکی دیکە ئاراستەی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی دادگای فیدراڵی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.

لە بەیاننامەی پێکهاتەکان داوا لەو لایەنانە دەکەن کە بێدەنگ نەبن بەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە پێکهاتەکان دەڵێن "ئەو بڕیارە نادەدپەروەرییە، نادەستوورییە بەرامبەر بە پێکهاتەکان".

ئاماژە بەوەشکراوە "بەپێی دەستوور، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت لە دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بوەستێتەوە و رێگری لە جێبەجێکردنیان بکات".

وتیشیان "لەمەودوا ستەم و نادادپەروەریی قبووڵ ناکرێت"، هەروەها داوا لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن کار بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە بکەن و ئاماژە بەوەدەدەن "پێکهاتەکان هەمیشە پارێزگارییان لە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی کردووە. هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە هەوڵیان داوە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو پێش ببرێت، هاوکات جەخت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کراوەتەوە، بەڵام بە داخەوە لەلایەن یەکێتییەوە سوکایەتیی بە پێکهاتەکان کراوە. بەداخەوە بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی دڵیان بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا خۆشە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار