سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەوە روونکردنەوە دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق رایدەگەیەنێت سەرجەم فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
جاسم عومێرى، سەرۆکی دادگای فیدراڵی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاندووە "ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچن پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان، بۆیە سەرجەم فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە دەرچووە، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بەیەکلاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی و لێبڕینی مووچەی هەرێم".
ئەوەشی وتوە "سەلمێنراوە فەرمانبەران لە هەرێمى کوردستان مانگانە لەکاتى خۆیدا مووچەکانیان وەرناگرن، ناکرێت فەرمانبەرێک لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق هەموو مانگێک لەکاتى خۆیدا مووچەکەى وەربگرێت، بەڵام فەرمانبەران لە هەرێمى کوردستان لەم مافەیان بێبەش بن، هەروەها دەبێت سامانى نەوت و گاز و سەرچاوەکانى دیکە بۆ تەواوى گەلى عێراق بێت".
سەرۆکى دادگاى فیدراڵى دەشڵێت "هەڵنەبژاردن و دیارینەکردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ پهرلهمانى عێراق ماناى ئەوەنییە کارەکە بوەستێت، پێیوستە پهرلهمان بەشێوەیەکى ئاسایی کارەکانى بەڕێوەببات تا ئەوکاتەى کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە دیاریدەکرێت".
