"هەژماری من" وەکو کەسابەتێکی بەرپرسان سەیردەکرێت

9 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

هێشتا وردەکاری شێوازی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دیار نییە سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو دادگای فیدراڵی بریاریدا لەڕێگەی بانکە عێراقیەکانەوە بدرێت، لەگەڵ ئەمەشدا حکومەتی هەرێم سوورە لەڕێگەی پرۆژەی «هەژماری من» دابەشی بکات بەڵام ئەمە دڵخوازی زۆرینەی فەرمانبەران نییە بەهۆی نەبوونی متمانەوە.

زۆرێک لەفەرمانبەرانی هەرێم بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دڵخۆشبوون و وەکو هیوایەک سەیری دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەگرفتی ١٠ ساڵی مووچە، لەکاتێکدا هێشتا وردەکاریی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دیار نییەو هێشتا مووچەی مانگی رابردووش دابەش نەکراوە.

تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق هەفتەی رابردوو لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کەتەنها مووچەی مانگی شوبات بەکاش بۆ هەرێم دەنێرێت و لەمانگی ئازارەوە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هەژماری تایبەتی بانکییان هەبێت لەیەکێک لەبانکەکانی سەر بەدەوڵەتی فیدراڵی، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەدەبێت فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی هەژماری منەوە، مووچەکانیان وەربگرن، کەئەمەش ئاستەنگییەکی دروستکردووەو ناڕەزایی زۆریک لەفەرمانبەرانی هەرێمی لێکەوتەوە.

رۆژی شەممەی ربردوو 2/3/2024 مامۆستایان و فەرمانبەران لەسلێمانی و هەڵەبجە دژی هەژماری من خۆپیشاندانێکیان کردو داوایان کرد مووچەکانیان راستەوخۆ بخرێتە سەر بانکەکانی بەغداد، چونکە پێیان وایە ئەم هەژمارە جگە لەخزمەتی گیرفانی بەرپرسە باڵاکانی هەرێم، هیچ ئیمتیازاتێکی دیکەی نابێت، بەتایبەتیش هێشتا لەلایەن بەغدادەوە دان بەم هەژمارەدا نەنراوە 

هەر لەمبارەیەوە مامۆستا «سامان عەلی» کە بەشداربوویەکی خۆپیشاندانەکەیە بەهاوڵاتی راگەیاند، «ئەوەی گرنگە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم وەرگرتنی مووچەکانیانە بێ ئەوەی دوابخرێت یا پاشەکەوت بکرێت یا لێیببڕێت، ئەم هەوڵانەی حکومەتی هەرێمیش بۆ هەژماری من، هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان و بەلایەنی کەمەوە لەسلێمانی و ناوچەکانی تر رێگەنادەین بکرێتەوە» .

«هەژماری من هەوڵێکە بۆ ئەوەی چۆن پێشتر کەیسی مووچەیان بەکارهێناوە بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان، هەژماری منیش بەهەمان شێوە بەکاربهێنن» مامۆستا سامان وا دەڵێت.

هەروەها مامۆستا سامان لەبارەی ماستەرکارتی بانکەکانی سەر بەدەوڵەتی ناوەندەوە بەهاوڵاتی وت، ماستەرکارتە عیراقییەکان کۆمەڵێک ئیمتیازات و ئاسانکاری زۆر باشی تیایە بۆ فەرمانبەرو گەر هەڵگری «کی کارت» بیت ئەوا دەتوانیت 25 بۆ 150  ملیۆن دینار وەک قەرزی درێژخایەن وەربگریت.

«پێم وا نییە هەژماری من تائێستا ئەو جۆرە ئیمتیازاتانەی بۆ فەرمانبەران فەراهەم کردبێت و هەژماری من رەنگە مانگانە سێ ملیار یا چوار ملیار دینار بۆ کوری بەرپرسێک یا بۆ  بەرپرسێک تێدا بێت، ئایا هەژماری من ئەو ئاسانکاریانەی بانکەکانی بەغداد دابین دەکات؟ نەخێر هەرگیز دابینی ناکات « مامۆستا سامان وا دەڵێت.

هەروەها وتیشی «ئەم جەنگەی بەرپرسانی هەرێم و بەتایبەتیش بەرپرسەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها بۆ ئەوەیە کەهەژماری من بخەنە کارو فشار لەفەرمانگەکان دەکەن کەسەرجەم فەرمانبەران ئەم هەژمارە بکەنەوە تا بەو جۆرە هەژمارەکە بچێتە خزمەت گیرفانی خۆیان و کەسێکی دیاری کراوو هیچی تر».

فەرمانبەران پێیان وایە کەئەزموونی رابردوویان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جۆرە بێمتمانەییەکی لە نێوان مووچەخۆران و حکومەتی هەرێمدا درووستکردووەو پێیان وایە حکومەتی هەرێم لەژێر پەردەپۆش کردنیکی یاسایی چەند ساڵە دزییان لێدەکات و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەرپرسی یەکەم و وەزیری دارایی بە بەرپرسی راستەخۆی دووەم لەم دزیکردنەی حکومەت لەفەرمانبەران دەزانن و پێیان وایە هەموو ئەو بانکانەی کەحکومەتی هەرێم ناویان دێنێت هەمووی سەر بەبەرپرسە باڵاکانی هەرێمە.

لەمبارەیەوە مامۆستا سامان وتی ، «حکومەتی هەرێم نەک دەست دەبات بۆ هەژماری بانکی، بگرە دەستی بردووە بۆ خودی مووچەکانمان کە بەکاش دابەشی کردووەو بەناوی لێبڕین و پاشەکەوت و خۆگونجاندن حکومەتی هەرێم تاڵانی کردووین و دزی لێکردووین و سەرۆکی حکومەت بە بەرپرسی یەکەم و وەزیری دارایی بە بەرپرسی دووەمی راستەوخۆی ئەم دزیکردنە لەفەرمانبەران دەزانین».

هەر سەبارەت بەم بابەتە «محەمەد رەسول» کە فەرمانبەرە پێی وایە «لەهەر وڵاتێک کەسیستم و دەستوور و یاسا نەبوو، ئەوا حزب دەبێت بەبەڵایەک بۆ کۆمەڵگەو دیکتاتۆریانە خۆی دەسەپێنێ کەئەمە هۆکارێکە لەهۆکارەکانی رەتکردنەوەی هەژماری من،هەروەها هۆکارێکی دیکەی رەتکردنەوەی هەژماری من لەبانکەکان، بەرپرسانی هەرێم تەنها قازانجی خۆیان لەلا مەبەستە».

« حکومەتی هەرێم بەقەیرانی جۆراوجۆرو بەدروستکردنی قەیرانی دەستکرد هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات، بۆیە هەژماری منی درووست کردووە، پێمان وایە هەژماری منیش جۆریکی ترە لەپاشەکەوتی مووچە بەشێوازێکی ترو حکومەتی هەرێم بەنیازە بەم جۆرە بڵێت کەدادگای فیدراڵی و بانکەکانی سەر بەحکومەتی فیدراڵی نایاسایین و هەژماری من یاساییە  « محەمەد رەسوڵ وادەڵێت.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەمەد رەسوڵ بەهاوڵاتی وت ،» ئەوان ئەوەندەی خەمی هەژماری من-یانە، دەبا خەمی شنگالیان هەبوایە، خەمی پەرلەمانیان هەبوایە، خەمی دەستووریان هەبوایە، خەمی یاسایان هەبوایە، بۆیە ئەوەی کەئێستا دەگوزەرێت لەنەبوونی دەستوورو یاساوە هاتووەتەدی».

فەرمانبەران پرسیاری ئەوەش دەکەن کە بۆچی یاساییە کەئەو هەموو پەرلەمانتارو بندیوارەو تەنانەت هەندێک بەرپرسی باڵای هەرێم لەبەغدادەوە مووچە وەربگرن، بەڵام بۆ مووچەخۆرانی هەرێم یاسایی نییە!

بۆ باشکردنی ئەم بارودۆخەش پێیان وایە هەرێم لەڕووی بەرێوەبردن و حکومداری پێویستی بەگۆڕانکاری هەیە و دەڵێن، بۆ نەمانی قەیرانی مووچەش دەبێت بانکە فەرمییەکانی سەر بەدەوڵەتی فیدراڵی  سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە بکەن و گەر لەلایەن حکومەتی هەرێمیشەوە گوێ لەم داواکارییەیان نەگیرێت ئەوا پێیان وایە باشترین بژاردە، رێپێوانێکی جەماوەری دەبێت بەرەو هەولێر.

مانگی رابردووش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی پێشوازی کردنی لەتیمی سەرپەرشتی پرۆژەی هەژماری مندا، پرۆژەکەی بەپرۆژەیەکی گرنگ وەسف کردو رایگەیاند، « پرۆژەی (هەژماری من) لەبەرژەوەندیی مووچەخۆران و هاووڵاتیاندایە».

هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تائێستا «نزیکەی 210 هەزار فەرمانبەر لەپارێزگای هەولێر ئەم هەژمارەیان بۆ کراوەتەوەو نزیکەی 80 هەزاریش کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە».

لەلایەن خۆیەوە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بەپڕۆژەی “هەژماری من” رایگەیاندبوو کە، «پێش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پڕۆژەی هەژماری من-یان دەستپێكرد، پێشمان وایە ئەم پڕۆژەیە هیچ کێشەیەک لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی دروست ناكات، چونكە ئەم بانكانەش ھەمووی بانكی رێگەپێدراون و متمانەپێکراوی بانكی ناوەندی عێراقن».

هەر سەبارەت بەم بابەتە گوڵاڵە سدیق، شارەزای کاروباری دارایی بانک لەلێدوانێکی پێشووتردا بۆ هاوڵاتی  رایگەیاندبوو  «هەژماری من ، مانگانە بڕی دوو ملیۆن دۆلار قازانج دەکات».

هەروەها ناوبراو ئەوەشی وتبوو»ئەگەربمانەوێت سەیری پێشکەوتنی ئابووری وڵاتێک بکەین دەبێت سەیری سیستمی بانکییەکەی بکەین، بەڵام ئێمە سیستمی بانکییەکەمان بەقاسەیەکی بەتاڵی حکومەتی هەرێمەوە زیاتر دەچێتە قاڵبی بازرگانی و پارە پەیداکردن بۆ بانکە ئەهلییەکان».

«ئێمە لەکوردستاندا نزیکەی ٩٠ بانکی حکومیمان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە بۆ ئەم پرۆژەی هەژماری منە، چەند بانکێکی تایبەت دەستنیشانکراون، واتە ئەو پارەیەی کە بۆ عمولە وەردەگیرێت لەکاتی کردنەوەی هەژمار یان راکێشانی پارە دەبێتە داهات بۆ ئەو بانکە تایبەتانە، ئەمەش لەڕۆڵی بانکە حکومییەکان کەمدەکاتەوە» گوڵاڵە سدیق وای وتبوو.

ئەم شارەزایەی کاروباری بانک ئەوەشی بۆ هاوڵاتی خستەڕوو» بەهەموو پێوەرێک مووچە گەر لەسەر بانکێکی حکومەتی عیراقی بێت کەپاڵپشتییەکی بەهێزی بانکی ناوەندی عیراقی هەبێت، باشترە وەک لەوەی لەسەر بانکێکی ئەهلی بێت، چونکە بانکە ئەهلییەکە لەهەر دەقەیەکدا مەترسی ئەوەی لەسەرە کە بەر سزاکانی ئەمریکا بکەوێت یان مایەپوچ بێت».

هەر سەبارەت بەبابەتی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلێدوانێکیدا رایگەیاند، بۆ مانگی ئادار حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبێت بەدابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی شوبات بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار حکومەتی هەرێم دەبێت پابەندبێت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەگواستنەوەی مووچە بۆ سەر عێراق و دابەشکردنی لەڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە.

رۆژی چوارشەممەی مانگی رابردوو 21/2/2024 دادگای فیدراڵی عیراق پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی یەکلا کردەوەو رایگهیاند، دهبێت وهزارهتی دارایی عیراق هاوشێوهی پارێزگاكانی دیكه، مانگانه پاره بۆ مووچهی فەرمانبەرانی  ههرێمی كوردستان بنێرێت.

هەروەها دادگاکە بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق بخرێتە سەر بانکە فیدراڵییەکان.

بڕیارەکانی ئەم  دادگایە بەجۆرێکە کەهیچ کەس و لایەنێک بۆیان نییە تانەی لێبدەن و هەموو لایەنەکان پابەندن بەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار