بنەماڵەی عوزێری: یەکێتی ٣٠ هەزار دەنگ لەدەستدەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بنەماڵەی عوزێری رایانگەیاند، هیچ بنەماڵەیەک هێندەی عوزێری شەهیدی بۆ یەکێتی نەداوە، داوا لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەکەن بنەماڵەکە و کوێخا دێرین ئاشت بکەنەوە، چونکە لە هەڵبژاردن زیانیان پێدەگات و 30 هەزار دەنگ لەدەستدەدەن.
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئاداری 2024 بنەماڵە و عەشیرەتی عوزێرییەكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هۆشدارییاندا لەوەی كە كراونەتە ئامانج و لە شکۆی بنەماڵەکەیان دراوە و داوا لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەن، بنەماڵەی عوزێری ئاشت بکەنەوە و دەشڵین، "کوێخا دێرین تۆمەتی بۆ هەڵبەستراوە."
لە کۆنگرەکەدا ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاند، گەر ڕوداوەکان بەمشێوەیە بڕاوات یەکێتی ژمارەی دەنگەکانی بە رێژەی 30 هەزار دەنگ کەمدەکات، باسلەوەدەکەن کە چەندین گەنج لە نێو بنەماڵەکەدان کە دوای ساڵێکی دیکە یان دو ساڵی دیکە دەتوانن دەنگ بدەن.
ئاماژەبەوەشدەکەن کە چەندین حزبیدیکە چاوی لە دەنگەکانیانە هەربۆیە داوا لە یەکێتی دەکەن "دڵی بنەماڵەی عوزێری و کوێخا دێرین ئاشت بکەنەوە."
رۆژی دووشەممە 12-02-2024 ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "کوێخا دێرین عوزێری" دەرکراوە و 'دیوەخانی سەرقەڵای عوزێر'یش رووخێندرا.
کوێخا دێرین عوزێری تۆمەتبارە بەوەی دوو کەسی ناردووەتە سەر بازرگانێک و برینداریان کردووە؛ ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو دوو کەسەیان دەستگیر کردوون و دانیان بە "تاوانەکەیاندا ناوە". ئەو سەرمایەدارەی داوای سەرانەی لێکراوە و کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبار کراوە، ناوی ئەحمەد کامیل فەقێیە.
جێگەیباسە کوێخا دێرین خۆی تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە و لە دەستی هێزە ئەمنییەکان هەڵهاتووە لەگەڵ ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لە دادگاوە و ئاسایش دەڵێت هەر کەسێک داڵدەی بدات، رووبەڕووی دادگەی دەکەنەوە.
