کەجەکە: تورکیا لە ڕێگەی سیخوڕو بەکرێگیراو هاوڵاتیانی هەرێم دەکاتە ئامانج

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی هێرشی تورکیاوە لە شیلادزێ دوو هاوڵاتی بوونە قوربانی کەجەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لەگەڵ ئەوەی دژی هێرشەکە وەستایەوە پارتی دیموکراتی کوردستانی بە سیخوڕیکردن بۆ تورکیا تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند، "ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ رویدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەنتالیایە".

ئەمڕۆ هەینی هەشتی مارس کۆمیتەی پەیوەندییەکان کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لە بڵاوکراوەیەکدا  ئاماژەبەوەدەکات کە ،"ئەم هێرش و تیرۆر و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی سیاسەت و زیهنییەتی جینوساید و کۆمەڵکوژییە کە زیاتر لە سەد ساڵە لە سەر گەلی کورد پەێڕەوی دەکات" و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سیخوڕیکردن تۆمەتبار دەکات.

 لە بڵاوکراوەکەدا کەجەکە داوا لە رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، رۆژنامەنووسان دەکات  کە  لەم قۆناغەدا هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانەو دەڵێت، "هەر هەڵوێستێک دەتوانێت گیانی هاوڵاتییەک بپاریزێت و هەر بێ هەلوێستی و بێدەنگییەکیش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتی زیاتر ببنە قوربانی".

هاوکات داواش لە حکومەتی عێراق و هەموو هیز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەکات لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورکیا  هەڵوێست وەربگرن.

 

دەقی بڵاوکراوەکە:

 

بۆ رای گشتی

 

جارێکی دی بە هۆی بۆردوومانی سوپای فاشیست و داگیرکەری تورکیاوە ٢ هاوڵاتی باشوری کوردستان خەڵکی شێلادزێ بە ناوەکانی "سەعید موبارەک دێویکی" و " ئاراز فەرەج زێباری" شەهید بوون و هاوڵاتییەکی دیش بریندار بوو. هەروەها  مانگێک لەمەو پێش، دوو هاوڵاتی دی خەڵکی ئاکرێ بە ناوەکانی "عارف تەها" و "بەشیر عومەر عەلی" لە لایەن  سوپای داگیرکاری تورکیاوە شەهید کرابوون. لە ناو مانگێکدا ئەمە چوار هاوڵاتی دەڤەری بادینان لە لایەن تورکیاوە شەهید دەکرێن. لە هەمانکاتدا لە ناو ئەم مانگەدا چەند هاوڵاتی دیش  لە هەرێمی سۆران و سلێمانی بوونە قوربانی هێرش و تیرۆری دەوڵەتی فاشیستی تورکیا.

 

بێگومان ئەم هێرش و تیرۆر و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی سیاسەت و زیهنییەتی جینوساید و کۆمەڵکوژییە کە زیاتر لە سەد ساڵە لە سەر گەلی کورد پەێڕەوی دەکات و دەیەوێت هەبوون و ناسنامەی کورد لە سەر نەخشەی جیهان بسڕیتەوە. تورکیا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی خۆی پێویستی بە کوردی بەکرێگیراو و خۆفرۆش هەیە، کە ببێتە کەواسوری بەر سوپاکەی، سیخوڕی بۆ بکات و هەموو تاوانەکانی بۆ پەردەپۆش بکاتبەداخەوە، دەسەڵاتی پەدەکە نەک هەر لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییانەدا هیچ هەڵوێستێکی نییە، بەڵکو هەم بە گوتاری سیاسی و هەم لە رێگەی چاپەمەنی و میدیای دەستەمۆ ئەم تاوانانەی تورکیا پەردەپۆش دەکات، پاکانەیان بۆ دەکات و رەوایەتییان پێدەدات و بەم شێوەیە گەورەترین خزمەت بە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەکات. لە کاتێکدا کە دەستی دەسەڵاتی فاشیستی تورکیا بە خوێنی کورد سوورە و رۆڵەی کورد شەهید دەکرێن دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەست لە ناو دەستی ئەردۆغان و هاکان فیدان لە کۆبوونەوە و دانۆستاندان. بێگومان ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ رویدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنتالیایە کە تیایدا دەسەڵاتدارانی پەدەکە میوانی ئەردۆغان و هاکان فیدان بوون و بەڵێنی بەکرێگیراوی و خەیانەتیان پێیان دەدا. ئەگەر رەزامەندی و ئەرێ‌کردن و سیخوڕی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی نەبێت تورکیا هیچ کاتێک ناتوانێت ئاوا خەڵکی بیتاوان شەهید بکات.

پەدەکە تەنیا سیاسەتی کوردی دابەش نەکردووە،  تەنیا بە خەندەق لێدان کوردستانی دابەش نەکردووە، بەڵکۆ بە هەڵوێست و سیاسەتی خۆی رەنگەکانیشی دابەش کردووە، رەنگی خۆێنی کوردیشی دابەش کردووە و دەیەوێت ئێش و ئازارەکانی کوردیش دابەش بکات. هەر بۆیە پێویستە هەموومان بڵێن کە ئێش و خەمی  شیلادزی و ئاکرێ و سلێمانی  ئێش و خەمی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەرە و یەک هەڵوێست بین. لێرەدا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا، ژنان، گەنجان و هەروەها هەموو هیز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و عێراق کە لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوی و خەیانەتی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن. بە تایبەت لەم قۆناخەدا هەلوێستی رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، رۆژنامەنووسان و پێنووسە ئازادەکان زۆر گرنگ دەبێت. پێویستە ئەوە بزانین کە هەر هەڵوێستێک دەتوانێت گیانی هاوڵاتییەک بپاریزێت و هەر بێ هەلوێستی و بێدەنگییەکیش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتی زیاتر ببنە قوربانی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەردۆغان و تورکیا. هەروەها دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە پێویستە لەبەرامبەر تیرۆری هاوڵاتی کورد بێدەنگ نەبن و گیانی کورد و هەبوون و ئازادی و کیانی کورد نەکەنە قوربانی کردنەوەی رێگەی گەشەپێدان بۆ پیلانە گڵاوەکانی ئەردۆغان.

 

لە کۆتاییدا، ئەم کۆمەڵکوژییەی کە ئەمڕۆ لە شێلادزێ روویدا بە توندی شەرمەزار و ریسوا دەکەین و بەڵێین و پەیمان دەدەین کە بە پەرەدان بە تێکۆشان و بەرخودان تۆڵەی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمان بکەینەوە. هەروەها پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی کوردستان و بەتایبەت گەلی خۆڕاگری شێلادزی و بنەماڵەی هێژای شەهیدان "سەعید موبارەک دێویکی" و " ئاراز فەرەج زێباری"دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین. ئاواتەخوازین گیانی شەهیدەکانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بێت و بە هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە و تەندروستی بۆ بریندارەکان.

 

 

لە گەڵ ریزدا

کۆمیتەی پەیوەندییەکان کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە

٨ی ئاداری ٢٠٢٤

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار