فەرماندەی سوپای قودس لە لوبنان و سوریا کوژرا

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەناڵی حکومەتی سوریا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، باڵیۆزخانەی ئێران لە سوریا لە گەڕەکی "المزە" کراوەتە ئامانج. 

ماڵپەڕی "ایرنا" ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، بینای کۆنسۆلی و شوێنی مانەوەی باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و لانیکەم پێنج کەس لەوانە  محەمەد رەزا زاهیدی، یەکێک لە فەماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و جێگرەکەی " سەردار حاجی رەحیمی"  کوژراون.

تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، محەمەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان لە سوپای قودس لە ناو کوژراوەکاندایە.

ماڵپەڕی "العربیە" لەم بارەوە دەڵێت " محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی سوپای قودس لە سوریا و لوبنان، دیارترین و پلەبەرزترین فەرماندەی سوپای قودس بووە، دوای قاسم سولەیمانی کە لە بەغدا بە دەست هێزە ئەمریکییەکان کوژرا".

ماڵپەڕی "ایرنا" دەربارەی محەممەد رەزا زاهیدی نووسیویەتی "محەمەد رەزا زاهیدی ٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٦٠ لە ئیسفەهان لە دایکبووە. ساڵی ١٩٧٩ بووە بە ئەندامی سوپای پاسداران. لە ماوەی جەنگی ٨ ساڵەی عێراق- ئێران یەکێک بوو لە فەرماندە مامناوەندەکان و فەرماندەی فەیلەقی ٤٤ی قەمەری بەنی ‌هاشم بووە لە ساڵی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٦. لە ساڵی ١٩٨٦ەوە تا ١٩٩٢ فەرماندەی لیوای ١٤ ئیمام حسێن بووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە تا ٢٠٠٨ فەرماندەی گشتی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران بووە".

ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ هاوکات فەرماندەی فەیلەقی ساروڵڵا بووە. ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠١٩ جێگری ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران بووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە تا ٢٠١٦ لە سوپای قودس بووە و بەرپرسی دۆسیەی سوریا  و لوبنان بووە لە سوپای قودس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار