وتەبێژی حكومەتی عێراق: دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاری لە پێشینەی حكومەتی عێراقە
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت حكومەتی عێراق وەكو پرسێكی سیاسی مامەڵە لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات، ئاماژە بەوەشدەکات دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاری لە پێشینەی حكومەتی عێراقە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند "حكومەتی عێراق وەكو پرسێكی سیاسی مامەڵە لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات و لە ئێستادا بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق هەیە پێویستە جێبەجێبكرێت كە ئەو پرسە پێویستی بە رێككەوتن و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی هەیە و لە هەمانكاتدا ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان سەقامگیریی دروستدەكات".
لەبارەی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی "دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاری لە پێشینەی حكومەتی عێراقە بەو پێیەی لە یاسای بودجەدا ئاماژە بە داهاتی نەوتی فرۆشراوی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم كراوەتەوە، بۆیە حكومەتی عێراق هەوڵ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەدات".