گۆڤاری زە ناشناڵ: بارەگای سەرەکی حەماس دەچێتە عێراق و کورد و سوننە ناڕازین

3 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

گۆڤاری زە ناشناڵ بڵاویکردووەتەوە، بارەگای سەرەکیی بزوتنەوەی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.

ئەوەش بە هۆکاری ئەو گوشارە زۆرەی واشنتن و دۆحە دەیخەنە سەر بزوتنەوەکە بۆ دانوستان.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق مانگی رابردوو داواکارییەکەی حەماسی قبوڵکردووە.

دوای ئەوەی حەماس دەچێتە بەخدا، حکومەت ناچاردەبێت چەکداران و سەرکردەکانی حەماس بپارێزێت.

زە ناشناڵ دەڵێت، ئەندام پەرلەمانێکی عێراق کە نزیکە لە هێزێکی میلیشیای سەر بە ئێرانەوە گوتوویەتی، ئیسماعیل هەنییە و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن ئەم بابەتەیان گفتووگۆکردووە و لەسەری رێککەوتوون.

هەروەها ئیسماعیل هەنییە و نوێنەرانی بزوتنەوەکە لە عێراق و ئێرانیش گفتووگۆیان لەو بارەیەوە کردووە.

بە گوێرەی ئەو ئەندام پەرلەمانەی زە ناشناڵ قسەی لەگەڵکردووە، لایەنەکانی دیکەی عێراق وەک کورد و سوننەکان ناڕازین لە گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق، ئەوەش لەبەر مەترسی دروستکردنی جیاوازی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا.

لەم مانگەدا حەماس بە سەرۆکایەتی محەمەد حافی نوسینگەی خۆی لە بەخدا کردەوە و بڕیارە ناوەندی میدیاییش بکاتەوە.

گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق دوای ئەوە دێت، ئەمریکا و قەتەر گوشاری گەورەیان کردووەتە سەر بزوتنەوەکە بۆ ئاگربەست، حەماسیش تاوەکو ئێستا پێشنیازەکانی ئاگربەستی رەتکردووەتەوە یان بە مەرجەکانی رازی نەبووە، بەتایبەت ئاگربەستەکەی کۆتایی مانگی ئاداری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا.

ئەگەر حەماس بچێتە عێراق ئەگەری هەیە گفتووگۆی ئاگربەست سەختتر بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی دەسەڵاتی بەرپرسانی دۆحە لەسەر بزوتنەوەکە کەمدەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار