ئەمریکا 50 کەس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دارایی ئەمریکا نزیکەی 50 کەس و دامەزراوەی خستە لیستی گەمارۆکانەوە کە یارمەتی سوپای پاسدارانیان داوە و پارەی نەوتی ئێرانیان بۆ دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران سپی کردووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێک کە رۆژی سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، لە ماڵپەڕی وەزارەتی دارایی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەس و دامەزراوانەی خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە، لە وڵاتانی جیاوازن کە بە دروستکردنی "تۆڕی بانکی شاراوە" لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئێران و بە  پشتیوانی هێزە چەکدارەکان و هەروەها سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، یارمەتیدەربوون بۆ دابینکردنی چەندین ملیار دۆلار سەرچاوەی ئابووری بۆ گەشەپێدانی بواری سەربازی لە ئێران.

ڤاڵی ئادیمۆ، جێگری وەزارەتی دارایی ئەمریکا لەم بارەوە وتوویەتی، ئەو تۆڕە لە ساڵی 2020ەوە  یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەستیان بە تۆڕی ئابووری نێودەوڵەتی بگات بۆ سپیکردنەوەی چەندین ملیار دۆلار سەرچاوەی نەوتی و داهاتە نایاساییەکانی دیکەی ئێران. 

گەمارۆکانی رۆژی سێشەممە تۆڕێکی بەربڵاو لە کەس و دامەزراوەکانی جێگیر لە هۆنگ کۆنگ، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دوورگەکانی مارشاڵ، ئێران و تورکیای خستووەتە لیستی ڕەشەوە.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، دەست بە سەر دارایی ئەم کەس و کۆمپانیایانە دەگیردرێت لە ئەمریکا و بە گشتی قەدەغەی ئەکات ئەمریکاییەکان بازرگانی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانە بکەن. هەر کەسێکیش لە گەڵیان مامەڵە بکات دەکریتە لیستی گەمارۆ پلە دووەکانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار