وێستگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا  

2 مانگ لەمەوپێش



عەبدوڵا کۆمەڵە

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە هەر چوار ساڵێک بەڕێوە دەچێت و بڕیارە لە ڕۆژی ٥/ ١١/ ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، پاشان لە ڕۆژی ٢٠/١/٢٠٢٥ کاندیدی سەرکەوتوو بەفەرمی ئەم پۆستە بگرێتە دەست، چاوی بەشی هەرە زۆری ناوەندە سیاسی و ئابووری و میدیاییەکانی جیهانی لەسەرە، بەو پێیەی گەورەترین ڕوداوی جیهانییە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوتی سەرجەم سیاسەت و ئابووری و ژینگە لەسەر گۆی زەوی هەیە.

ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەمریکا خولی ژمارە شەستە و تیایدا سەرۆکی وڵات و جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن و تیایدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی چوارساڵ حوکمی بەهێزترین وڵاتی جیهان دەکەن و بە ناڕاستەوخۆش کاریگەریان بەسەر سەرجەم ڕەوتەکانی سیاسەت و ئابووری جیهانەوە هەیە و لە بەشی زۆریاندا خاوەنی بڕیار و یەکلاکەرەوەی کێشەکانن.

یەکلایی بوونەوەی سەرۆکایەتی ئەمریکا وەکو کلتورێک لە نێوان هەردوو پارتە سەرەکیەکەی وڵات قۆرخ کراوە کە ئەوانیش بریتین لە "پارتی دیموکرات" کە پارتێکی سیاسی لیبراڵە و بەرنامە سیاسیەکەی زیاتر مەیلدارە بەلای مافە مەدەنیەکان و تۆڕی بیمەی کۆمەڵایەتی و گرنگی دان بەبواری ژینگەپارێزی.

هەروەها پارتی کۆمارییەکان، کە پارتێکی کۆنەپارێزە و زیاتر گرنگی بە کەم کردنەوەی باجەکان، بچووککردنەوەی قەبارەی حکومەت، مافی هەڵگرتنی چەک، کۆت و بەندی سەر کۆچبەران و لەباربردنی کۆرپەلە دەدات.

ئەم دوو پارتە لە کۆنگرەی گشتییاندا کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئامادە دەکەن، کۆماریەکان کۆنگرەی گشتی خۆیان لە ڕۆژانی ١٥ تا ١٨ ی مانگی حەوتی ئەمساڵ ئەنجام داو بە فەرمی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو تری وڵاتەکەیان بۆ هەڵبژاردن کاندید کرد، بەڵام دیموکراتەکان کە بڕیارە کۆنگرەی گشتی حزبەکەیان لە ماوەی نێوان ١٩ بۆ ٢٢ ی مانگی هەشت ئەنجام بدەن یەکلایی نەبۆتەوە کە ئایا بۆ جاری دووەم جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەیان کاندید دەکەنەوە یان نا، کاندید بوونەوەی بایدن مشت و مڕێکی زۆری دروست کردووە، هەم لەناو سەرکردایەتی حزبدا و هەم لەناو دەنگدەرانیشدا، بە تایبەتی دوای ئەو دەرکەوتنە خراپەی کە لە دیبەیتی نێوان ئەو و ترامپدا ڕویدا و ڕاستەوخۆ زیاتر لە پەنجاملیۆن ئەمریکی بینەری بوون.

یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٧٨٩ ئەنجام درا، کەتیایدا سێ پاڵێوراو کێبڕکێی بردنەوەی کورسی یەکەم سەرۆکی ئەمریکایان دەکرد، ئەوانیش" جۆرج واشنتن" وەکو کاندیدێکی سەربەخۆ، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بوو بەیەکەم کەس لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەمریکا دابنیشێت، لە بەرانبەر دوو کاندیدی پارتی لیبراڵی، کە ئەوانیش بریتی بوون لە "جۆن جای - وە جۆن ئادامز" ، کە دووەمیان دواتر بووە دووەم سەرۆکی ئەمریکا.

لە کاتی یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە فیلادلفیابوو، بەڵام جۆرج واشنتنی یەکەم سەرۆک، پایتەختەکەی لە فیلادلفیاوە گواستەوە بۆ (واشنتن دی سی) و بەردی بناغەی کۆشکی سپی دانا، کە دواتر جۆن ئادامز وەکو دووەم سەرۆکی ئەمریکا تیایدا نیشتەجێ بوو.

لە میانەی ئەو ٥٩ هەڵبژاردنەی لە ڕابوردوودا لە نێوان (٢١٥) ساڵی ڕابوردوودا لە یەکەم هەڵبژاردنەوە ئەنجام دراون، ئەمریکیەکان (٤٦) سەرۆکیان گەیاندۆتە سەر کورسی دەسەڵات، کە (١٩) لەم سەرۆکانە سەر بە پارتی کۆماری بوون و(١٦)ی تریان لە دیموکراتەکان بوون، وە (٢٢) سەرۆکیش پێش دامەزراندنی ئەم دوو پارتە هەڵبژێردراون، چوونکە کۆمارییەکان لە ١٨٥٤ و دیموکراتەکانیش لە ١٨٢٨ دامەزراون. ئەو بابەتە گەرمانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی ئەمریکادا جێبایەخی هەردوو پاڵێوراوی سەرەکی دەبن بریتین لە( ئاسایشی سنوورەکان، کۆچبەران، چاودێری تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، ئابووری، سیاسەتی دەرەوە "جەنگی ئۆکرانیا، جەنگی غەزە، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مادە هۆشبەرەکان"، لەباربردنی کۆرپەلە، مافی دوو ڕەگەزەکان، گۆڕانکاریەکانی کەش و هەواو بابەتەکانی پەیوەست بە گەشەپێدانی دیموکراسی) بەڵام ئەوەی بەلای دەنگدەری ئاسایی ئەمریکیەوە لەم هەڵبژاردنەدا جێی بایەخە بریتین لە( باشترکردنی ئاستی بژێوی، دۆزینەوەی هەلی کار، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی چاودێری تەندروستی، پەرەپێدانی پرۆگرامی بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، کەمکردنەوەی تاوان و بەرقەرارکردنی زیاتری ئاسایش...هتد).

بنەماو سیستەمەکانی هەڵبژاردن

* سەرۆکی ئەمریکا تەنها بۆی هەیە دوو خول لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

* کاندیدی سەرۆکایەتی دەبێت لە دایکبووی ئەمریکا بێت و تەمەنی لە ٣٥ ساڵ کەمتر نەبێت و بەلای کەمەوە نابێت لە ١٤ساڵ کەمتر لەو وڵاتە نیشتەجێ بووبێت، وەهەمان پێوەریش بۆ کاندیدی جێگری سەرۆک پەیڕەو دەکرێت، نابێت هەردوو کاندیدی سەرۆک و جێگرەکەی لەهەمان ویلایەت بن.

* سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانەوە دەنگی پێ نادرێت، بەڵکو هەلبژاردنی سەرۆک لە لایەن دەستەی هەڵبژاردنەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە کە ژمارەیان ٥٣٨ کەسە، کە ئەم ژمارەیە یەکسانە بە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکی.

ئەم ژمارەیە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکان و ژمارەی نوێنەرەکانیان لە کۆنگرێس دیاری دەکرێت، ئەمە جگە لە سێ نوێنەری هەرێمی کۆڵۆمبیا کە واشنتۆنی پایتەختی تیا هەڵکەوتووە و هیچ نوێنەرایەتییەکیان لە کۆنگرێسدا نییە.

* لە ئەمریکادا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەسەر ئاستی نیشتیمانی ئەنجام نادرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی ویلایەتەکان ئەنجام ئەدرێت و پاشان دەستەی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکان سەرۆک هەڵدەبژێرن، کە ئەمانەش بە پێی ژمارەی دانیشتووەکانیان ژمارەی نوێنەرایەتییەکانیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە: دەنگدەرانی ویلایەتی کالیفۆرنیا " کە گەورەترین ویلایەتە لە ئەمریکادا" (٥٥) نوێنەر هەڵدەبژێرن لەو دەستەی هەڵبژاردنە کە ڕاستەوخۆ دەنگ بە سەرۆکی وڵات دەدەن، بەڵام ویلایەتی کارۆلینای باکور تەنها (٣) نوێنەر بۆ ئەو دەستەیە هەڵدەبژێرن.

* کاندیدی سەرۆکایەتی پێویستە لەو (٥٣٨) کەسەی نوێنەرایەتی سەرجەم ویلایەتەکان دەکەن و پێیان دەوترێت دەستەی هەڵبژاردن، بەلای کەمەوە دەنگی ( ٢٧٠) کەسیان مسۆگەربکات، بۆ ئەوەی وەکو سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرێت.

* هەر ویلایەتێک بازنەیەکی هەڵبژاردنە و هەر کاندیدێک ئەگەر دەنگی زۆرینەی دەستەی هەڵبژاردنی ئەو بازنەیەی بەدەست هێنا، ئەوا بەو مانایە دێت کە سەرجەم دەنگەکانی بەدەست هێناوە، بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لەم دوو کاندیدە دەنگی (٢٨) نوێنەری لە (٥٥) نوێنەرەکەی ویلایەتی کالیفۆرنیای بەدەست هێنا، واتا دەنگی هەر ( ٥٥) نوێنەرەکەی بەدەستهێناوە، ئەم سیستەمە تەنها لە هەردوو ویلایەتی(نبراسکا و ماین) جێبەجێ ناکرێت کە ئەمان پەیڕەوی لە سیستەمی ڕێژەیی دەکەن.

دەستەی هەڵبژاردن

ئەم دەستەیە بەپێی بەندەکانی دەستووری ئەمریکی لە سەدەی هەژدەوە بڕیاری لەسەر دراوە و لەلایەن دەنگدەرانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەنگ بە کاندیدی سەرۆکی وڵاتەکەیان بدەن، کاندیدانی ئەم دەستەیە پارتەسیاسیەکان دیاریان دەکەن و دواتر دەنگدەرانیش بەپێی ژمارەی دیاریکراوی ویلایەتەکانیان نوێنەریان لێ هەڵدەبژێرن.

بەڵام هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە شێوەی دەنگدانی ڕاستەوخۆ دەبێت.

قۆناغەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە لە دیاریکردنی کاندیدی حزبەکانەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە هەڵبژاردنی دەستەی هەڵبژاردن و بەم شێوەیەی خوارەوە:

قۆناغی یەکەم/ ئەوانەی ئارەزوی کاندیدبوون دەکەن سەرەتا لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ ئەوەی دەنگی پشتگیریان لە ناو حزبدا بۆ درووستبکات، هەروەها ئەم لیژنەیە فیدباکی ئەندامانی حزبیش وەردەگرن سەبارەت بە ڕادەی پێشوازی لێکردنیان لەلایەن ئەندامانی حزبەوە، هەروەها وەرگرتنی گرەنتی کۆمەکبەخشەکان بۆ کۆکردنەوەی پیتاک بۆ کەمپینی هەڵبژاردن، ئەگەر ئارەزوومەند پێیوابوو کە دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو دەبێت ئەو کاتە دەسەڵاتە فیدراڵیەیکان ئاگادار دەکاتەوە.

قۆناغی دووەم/ ئارەزومەندانی خۆ کاندیدکردن لە هەرحزبێکدا بە چەند فیلتەرێکی حزبیدا تێدەپەڕن و پاشان لە کۆنگرەی گشتی حزبدا کەسێکیان بە فەرمی وەکو کاندیدی حزب دیاریدەکرێت. هەڵبژاردنە ئامادەکارییەکان لە مانگی یەکی ئەوساڵەوە دست پێ دەکات کە هەڵبژاردنی گشتی تێدا ئەنجام ئەدرێت، ئەم هەڵبژاردنە ئامادەکارییانە لەناو ئەندامانی حزبدا ئەنجام ئەدرێن بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگی ئەندامانی هەرحزبێک بەسەر نەیارەکانیاندا لە هەمان حزبدا،  تا بتوانن ببنە کاندیدی فەرمی ئەو حزبە.

قۆناغی سێیەم/ ئەندامانی کۆنگرەی نیشتیمانی حزب لە هەموو ویلایەتەکانەوە ئامادەی کۆنگرە دەبن و لەگەڵ خۆیاندا ناوی ئەو کاندیدە دەهێنن کە بژاردەی ویلایەتەکەیانن بۆ هەڵبژاردن، لە ئەنجامدا ئەو بەربژێرە سەردەکەوێت بۆ کاندیدبوون کە دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی ویلایەتەکان بۆ کۆنگرەی گشتی کۆدەکاتەوە، پاشان کاندیدی فەرمی حزبیش جێگرێک بۆخۆی دیاری دەکات.

قۆناغی چوارەم/ کاندیدی فەرمی حزب دەستدەکات بە داڕشتنی پلانی بانگەشەی هەڵبژاردن و  بە تایبەتی خواستەکانی بەربژێرە دژەکانی لە حزبدا بەهەند وەردەگرێت، لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردندا هیچ ئاسەوارێکی منافەسەی ناوخۆیی بوونی نامێنێت و هەموویان کار بۆ سەرخستنی کاندیدی حزبەکەیان دەکەن.

قۆناغی پێنجەم/ ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتییە و لە یەکەم سێ شەممەی مانگی یازدەی هەموو چوار ساڵێکدا ڕوو دەدات و ئەمریکییەکان بەم ڕۆژە دەڵێن "سێ شەممەی مەزن"، لەم ڕۆژەدا دەنگدەران ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن و لە ماوەی ١٢ کاتژمێر لە دوای داخستنی سندوقەکانی دەنگدان ئەنجامی بەرایی دەنگەکان ڕادەگەیەنرێت.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامانی دەستەی هەڵبژاردن، دوای ئەمە لە یەکەم دووشەممەی دوای دووەم چوارشەممەی مانگی ١٢دا، دەستەی هەڵبژاردن کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدەدەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات.    

سەرچاوەکان: - نضال فواز العبود/ مركزدراسات الوحدة العربية - محمد اسماعيل/ العين الاخبارية - موقع الیوم السابع -  موقع بی بی سی نیوز العربی - نشرات التمكين   https://www.mfnca.gov  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار