لەدایکبوون و مردنی هیوا!
4 مانگ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
لە دە ساڵی ڕابردوودا، هیوا بوو بە بەشێک لە زاراوەی سیاسی دونیای کوردی و هەروەها هەتا ڕادەیەک ئامڕازی سیاسیش. بەڵام سەرباری ئەوە هیوا، وەک زۆر چەمکی دیکە بە بیرلێنەکراوەیی مایەوە. دیارە ئەمە مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە بیرکردنەوەی تایبەت و قوڵ هەرگیز بەشێک نەبووە لە دونیای سیاسەتی کوردی. بۆیە دەپرسین، دەبێت هیوا چی بێت؟
هیوا خەسڵەتێکی ناسک و ئاڵۆزی هەیە، ئەگەر کەسێک هیوایەکی زۆری هەبێت، ئەوا کەسێکی هیوادار نییە، بەڵکو زیاتر لە کەسێکی فریوخواردوەوە نزیکە. کەواتە هیوای زۆر هیوا نییە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەگەر بە پێچەوانەوە کەسێک هیوای نەبێت، ئەوا کەسێکی ڕەشبینە. کەسی هیوا زۆر لە چاوەڕوانی نەبوو یان نەکردەدایە، بەڵام کەسی بێهوا هەر لە سەرەتاوە نەکردەیە. بۆیە هیوا پاڵنانە بۆ کردار، بەڵام لە سنوری عەقڵدا.
هیوا لە دونیای کوردستانی باشوردا، لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ئاوێزانکراوە. هەڵکشانی گۆڕان هیوابەخش بوو، بە داکشانی گۆڕان بوو بە مایەی بێهیوایی. ئەم دیاردەیە لە چەندین لاوە هەڵە و فریودەرانەیە. بەڵام کارێکی زیرەکانەیە بۆ خەپاندنی خەڵکانێکی زۆر یان ناسیاسییکردنیان.
کاتێک دەڵێین گۆڕان مایەی دروستبوون و کوشتنی هیوا بوو، کەواتە ئەو خەڵکانەی خاوەنی ئەم جۆرە ڕوانگەیەن، خاوەن هیوای خۆیان نین. خۆیان وەک خۆیان هەڵگری هیوا نین، بەڵکو هیوا دەبێت لە دەرەوە، هێزێکی تر بۆیان دروست بکات. ئەم هیوایە عەقلانی و تایبەت و تاکانە نییە، بەڵکو هاتنە ئارای ژینگەیەک یان دۆخێکە، کە کەسەکان دەبن بە بەشێک لێی و بە گۆڕانی ژینگەکە یان دۆخەکە هەموو شتێک کۆتایی دێت.
بەم پێیە ئەوەی هەبووە، لە سەرەتاوە هیچ پەیوەندی بە هیواوە نەبووە. ئەگەر کەمێک بە ووردی بیر لەم دۆخە بکەینەوە، دەبینین: یەکەم، هیوا بە ئاسانی دەبەخشرێت و وەردەگیرێتەوە. هەردوو خەسڵەتی بەخشین و وەرگرتنەوە هیچ پەیوەندییان بە هیوای ڕاستەقینەی عەقلانییەوە نییە. کاتێک هیوا عەقلانییە، کەواتە نە ئارەزوە و نە باوەڕ، بەڵکو لە ناوەندایە.
کاتێک کۆمەڵگایەک بڕوای وەهایە کە هیوای پێدەبەخشرێت ئەوا بە ئاسانی لە هەمانکاتدا باوەڕیشی بە ئەوەیە کە دەتوانرێت لێی بسێنرێتەوە. ئەگەر بەخشینی هیوا ببێتە مایەی جوڵە یان کردار، ئەوا بێهیوایی دەبێتە مایەی نەمانی جوڵە یان کردار. دیارە لەناو کایەی سیاسیدا هێزە سیاسییەکان دابەشبوون بە سەر ئەوانەی کە پێیان باشە خەڵک جوڵە و بەشداری سیاسی هەبێت لەگەڵ ئەو هێزانەی کە بە پێچەوانەوە بەباشی دەزانن خەڵکی بەزۆری بێهیوابن. ئەمەشە هۆکاری ئەوەیە کە هەوڵدەدرێت هیوای خەڵک ببەسترێتەوە بە هێزێکەوە، هەتا لەو ڕێگایەوە هیوا کۆتایی بێت.
ئەو خەڵکانەی بڕوایان وەهابوو کە هێزێک دەتوانێت هیواکانیان بکات بە واقیع، هەرچەندە لە سەر حەق بوون، بەڵام هەڵە بوون. چونکە لە بنەڕەتدا هیوا نە دەبەخشرێت و نەوەردەگیرێتەوە، بەڵکو بەشێکە لە ڕیتمی بەشداری مرۆڤ لە ژیاندا.
هیوا کاتێک پەیوەست دەبێت بە هێزێک یان ڕزگارکەرێکەوە، ڕەچەڵکێکی دینی هەیە، بە تایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئۆگستینییەکان. بەڵام هیوای لەمجۆرە توانای کردار و بڕیار و بەشداریی و چالاکبوون لە مرۆڤەکان دەسێنێتەوە، ئەوەی پێی دەڵێن ئەیجنسی. ئەمجۆرە هیوایە، وەک ئەوەی لە دۆخی دروستکراوی دژ بە گۆڕاندا دروستکراوە، هیوا، دەبێت بە دژە هیوا.
بۆ نمونە کاتێک گۆڕان هێزێکی بەهێزبوو، کەس لە ڕەخنەگرانی ئامادەنەبوون دان بە هیوابەخشێتی ئەو هێزەدا بنێن، بەڵام کاتێک لاواز دەبێت ڕەخنەگرانی دەیکەن بە سەرچاوەی هیوا، نەک لەبەرئەوەی کە بڕوایان وەهایە، بەڵکو بۆ ئەوەی هیوا بکوژن لە کەسەکاندا، چونکە دەزانن هەبوونی هیوا، مایەی مەترسییە بۆ کایەی سیاسی کوردستان، کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە نەگۆڕێت. کەواتە پێکەوەگرێدانی هیوا و گۆڕان هیچ پەیوەندی بە گۆڕانەوە نییە، وەک هێزێک، بەڵکو پەیوەستە بە پرسی کۆتایی جوڵە یان سیاسەتەوە لە دونیای کوردیدا.
لە دۆخێکی لەمجۆرەدا کەسەکان بەهەڵە هەڵسوکەوت دەکەن. لە کاتێکدا کە هەتا دونیا خراپتربێت دەبێت هیوامان زیاتر بێت، بۆ ئەوەی تەسلیمی خراپە نەبین، بەڵام لە دۆخی کوردستاندا دەبێت دونیا باش بێت بۆ ئەوەی کەسەکان بتوانن هیوایان هەبێت، کە هیوایەکی ناپێویستە.
یەکێک لە دیاردەکانی تری هیواکوژیی لە تیورەی پیلانگێڕییەوەیە. کاتێک خەڵک بڕوایان وەهایە کە هەمیشە هێزێکی نادیار لە پشتەوە هەموو شتەکان بەڕێوەدەبات، ئەوان توانایەکی ئەوتۆیان نییە، ئەوا ناتوانن هیوایان هەبێت، چونکە هێزەکان لە دەرەوەی توانای ئەوانن.
جارێکیان حەمە ئەمین پێنجوێنی پێی گوتم، هەموو ئەوەی دەگوزەرێت پلانی هێزە سیخوریی و ئەمنییەکانە، ئەوانیتر تەنها هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن. لە دۆخێکی وەهادا جێگایەک نییە بۆ هیوا و ڕۆڵ و کاریگەریی و داهاتوویەکی جیاواز.