ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە نزیکە و حەماسیش مەرەجەکانی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ماوەی دوو ڕۆژە دانوستانەکانی میسر و قەتەر و ئەمریکا لەگەڵ ئیسڕائیل بەبێ بەشداری حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە بەردەوامە، حەماسیش مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم دانوستان لە نێوان هەریەکە لە وڵاتانی ناوبژیوانی میسر و قەتەر و ئەمریکا بەڕێوەچوو و دەڵێن: پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە لە قاهیرە کۆدەبنەوە تاوەکو بتوانن بگەن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست.
تیمی ناوبژیوانی ئاگربەستی غەززە لەڕاگەیاندراوێکدا دەڵێن: سەرجەم تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی پێشنیاری ئەمریکا بۆ ئاگربەست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە لەبەردەم ئاگربەستدا.
ئیسرائیل لە دەوحە، داوایکردووە مافی ڤیتۆکردنی ئازادکردنی هەندێ بەندکراوی فەڵەستینی هەبێت، هەروەها بتوانێت هەندێ لە بەندکراوە فەڵەستینییەکان دیپۆرتی شوێنەکانی دیکە بکات، نەک غەززە.
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسییش ڕایگەیاند، ئەو "مەرجە نوێیانە" ڕەتدەکەنەوە کە ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لەم دوو رۆژەدا لە دەوحە پێشکێشی کردوون.
دەشڵێت: یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل بریتییە لە هێشتنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لە نێو غەززە بە درێژایی سنووری میسر، لە کاتێکدا حەماس داوای کردووە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوچە فەڵەستینییەکان بکشێتەوە، ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و بەندکراوە فەڵەستینییەکانیش لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئیسرائیل جارێکیتر داوای لە ئاوارەبووانی فەڵەستینی کرد ناوچەی دێر بەلەح بەجێبهێڵن چونکە هێزەکانیان هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە.