وەزارەتی تەندروستی غەززە: ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتە 40 هەزار و 70 کەس
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندرووستی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.
وەزارەتی تەندرووستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکدا دەڵێت، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 40 هەزار و 70 هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 92 هەزار و 537 كەس
. وەزارەتی تەندروستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکیدا ئاماژە بەوەشدەکات، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 69 كەس لە غەزە كوژراون و 136ی دیكەش بریندار بوون.
لە بەشێکی تری ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، 316 ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و 404 كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.