zhyr

تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٢ وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ لوبنان ڕاگرتووە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

گرژی و ئاڵۆزییەکانی لوبنان تا دێت زیاتر دەبێت و بەم هۆیەوە زیاتر لە ١٢ وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە لوبنان ڕاگرتووە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە، هاوکات سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە و ئەوان بڕیاردەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە.

لەم بارەیەوە، هێڵی ئاسمانی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی لوبنان، بڕیار دراوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت ڕابگیرێت.

 هێڵی ئاسمانی عێراقی دەشڵێت، پێشهاتەکانی لوبنان لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەندە بە پێشهاتە ئەمنییەکانەوە، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی نیگەرانیانە بۆ سەلامەتیی گەشتیاران، کە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە.

باسلەوەشدەکات، هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات، هەر ڕێنماییەکی نوێ سەبارەت بە دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەکاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێت.

هاوکات لای خۆیەوە هێڵی ئاسمانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت ڕاگرت و ئاشکرایکرد، تاوەکو کاتێکی نادیار گەشتەکان ڕادەگیرێن.

جێگەی ئاماژەیە بەپێی دواین زانیارییەکان سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە، هەروەها هۆشداریشی داوە کە ئەوان بڕیار دەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە.

بە پێی دواین ئامار تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە دەیان گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت هەڵوەشێنراوەتەوە و زۆربەی گەشتە هەڵوەشاوەکان لە ئەڵمانیا، سعوودیە، ئیمارات، تورکیا، ئەسیوپیا، سویسرا، فەرەنسا، ئوردن، میسر، عێراق و قەتەر و ئێرانەوە بووە.

لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدا کە گەشتەکانیان بۆ لوبنان ڕاگرت، بریتی بوون لە هێڵی ئاسمانی قەتەر، میسر ئەیر، تارۆم، لوفتهانزا

لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی لوبنان ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە، کە باس لە ڕاگرتنی تەواوەتی گەشتە ئاسمانییەکان دەکەن و ڕوونیان کردەوە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانیان بۆ بەیروت ڕاگرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار